به‌شێك له‌ ژنان گله‌یی‌ له‌ پیاوه‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌نجامدان‌و سه‌رقاڵبوونیان به‌ دوو تا سێ ئیشه‌وه‌ گفتگۆ‌و قسه‌كردنی‌ نێوانیان كه‌مبۆته‌وه‌، و هه‌ندێكی‌ تریش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌سه‌ره‌رای‌ دوو ئیشی‌ پیاوه‌كانیان له‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیانی‌ كه‌منه‌كردۆته‌وه‌، هاوكات توێژه‌رێكی‌ كۆمه‌ڵاتیی‌ ئه‌وكێشه‌یه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ نه‌بونی‌ هۆشیاریه‌وه‌.
خاوه‌ر حسێن، ته‌مه‌نی‌ (27) ساڵ كه‌ژنی‌ ماڵه‌وه‌یه‌، ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵه‌ ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ پێكهێناوه‌، ئه‌و به‌ ترسه‌وه‌ گله‌یی‌‌و گازانده‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ له‌ مێرده‌كه‌ی‌ هه‌یه‌، به‌وه‌ی‌ كه‌ “ماڵه‌وه‌ وه‌ك ئۆتێل” سه‌یرده‌كات به‌ توره‌یه‌وه‌، وتی‌ “هاوسه‌ره‌كه‌م به‌یانیان نانده‌خوات‌و ده‌ڕوات تاوه‌كو بانگی‌ عیشا ناگه‌ڕێته‌وه‌، شه‌وانیش ئه‌وه‌نده‌ ماندووه‌ خه‌وده‌یباته‌وه‌، به‌مه‌ش بێ ده‌نگیه‌كی‌ ته‌واو ماڵه‌كه‌ داده‌پۆشێت‌و هیچ كاتێ نامێنێ بۆ گفتووگۆ كردنی‌ نێوانمان”.
خاوه‌ر ئه‌م جۆره‌ حاڵه‌ته‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ باری‌ ئابووری‌‌و فێربوونی‌ مێرده‌كه‌ی‌ به‌و جۆره‌ كارانه‌، ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌كات كه‌ زۆرجار شه‌وانه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ دووقسه‌ بكه‌ن هه‌ریه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان رووده‌كه‌نه‌ ژووری‌ نوستن و ده‌خه‌ون، وتیشی‌”هه‌رچه‌نده‌ مێرده‌كه‌م ئه‌و خۆ ماندووكردنه‌ی‌ بۆ خێزانه‌كه‌مانه‌، به‌لاَم به‌راستی‌ من حه‌ز به‌م جۆره‌ كارانه‌ ناكه‌م”.
به‌شێك له‌ ژنان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، كه‌ هاوسه‌ره‌كانیان ماڵه‌وه‌شیان كردۆته‌ شوێنی‌ ئه‌نجامدانی‌ كاره‌كانیان‌و پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارێك ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژن‌و مێرد دووربن له‌ سۆزی‌ یه‌كتری‌.
قومری‌ عه‌زیز، ته‌مه‌ن (30) ساڵ، كه‌ خاوه‌نی‌ سێ منداله‌‌و ماوه‌ی‌ حه‌وت ساڵه‌ شووی‌ كردووه‌، به‌ده‌م كرینی‌ پێداویستی‌ خۆراك له‌یه‌كێك بازاره‌ میلیه‌كانی‌ شاری‌ هه‌ولێرده‌یوت” مێرده‌كه‌م سه‌ره‌رای‌ ته‌واوبوونی‌ كاره‌كانی‌ له‌ كۆمپانیا، زۆرجار دوای‌ گه‌رانه‌وه‌ی‌ بۆ ماڵه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ شوێنی‌ كاره‌كه‌ی‌ سه‌رقاڵ ده‌بێت به‌ كاره‌كانی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌”.
قومری‌، وتی‌” ئه‌گه‌ر هاوسه‌رێك شعور به‌وه‌نه‌كات كه‌ كاتێ هاته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ به‌ منداڵیه‌كانیه‌وه‌ خه‌ریك بێت‌و سۆزیان نه‌داتێ، ئیتر چی‌ بۆ ئێمه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ تا له‌گه‌ڵی‌ دابنیشین”.
خراپی‌ باری‌ ئابوری‌ خێزانداره‌كانی‌ ئه‌م وڵاته‌ ناچار ده‌كات كه‌ په‌نا بۆ دوو كار به‌رن بۆ په‌یداكردنی‌ بژێوی‌ ژیان و پێدوایستی‌ ئێستاو ئایدنه‌ی‌ منداڵه‌كانیان كه‌ زۆر جار كرێچیبوونیش پاڵنه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ دووكاری‌ ده‌بێت كه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ باره‌كاندا پیاو رۆڵی‌ دوكاری‌ ده‌بینێت.
هاوكات به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌شێك له‌ژنان له‌ كاری‌ دووه‌می‌ مێرده‌كانیان و شێوازی‌ ماڵه‌ی‌ خێزانیان رازین‌و هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌رچی‌ پیاوه‌كانیان رۆژانه‌ سه‌رقالن به‌ ئه‌نجامدانی‌ دووكاره‌وه‌، به‌لاَم ئه‌وه‌ هیچ نه‌كردۆته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوانیان.
نێرگز كامه‌ران ته‌مه‌ن 34 ساڵی‌ پیشه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ وایه‌ دووكاری‌ له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیان كارێكی‌ باش نیه‌، به‌ڵام جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌رقاڵی‌ پیاوه‌كه‌ی‌ به‌دوو ئیشی‌ كاری‌ نه‌كرۆدته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانینان و ده‌ڵێت” پیاوه‌كه‌م سروشتی‌ وایه‌ نازانێ ماندووبوون چیه‌، ئێوارانیش له‌ماڵه‌وه‌ به‌ده‌م‌و پێكه‌نین‌و كات به‌سه‌ربردنه‌وه‌ ده‌خه‌وین به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌یه‌كمان هه‌بێت”.
پیاوانیش بۆ ئه‌نجامدانی‌ دوو ئیشی‌ بیانووی‌ خۆیان هه‌یه‌، پێیان وایه‌ دوو ئیشی‌ پیاو پاساوی‌ ئافره‌ته‌كانیان ده‌بڕێت به‌وه‌ی‌ كه‌ پێیان بلێن مووچه‌كانیان به‌شیان ناكات. ئارام عیزه‌ده‌ین ته‌مه‌ن 29 ساڵ كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌‌و مووچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ (576) هه‌زار دیناره‌، نیوه‌ی‌ ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ی‌ موچه‌كه‌ی‌ ده‌دات به‌كرێی‌ ئه‌و خانووه‌ی‌ كه‌ خۆیی‌ و خێزانه‌كه‌ی‌ تیایدا ده‌ژین ، بۆیه‌ ناچار بووه‌ په‌نا بۆ دووئیشی‌ ببات ئارام وتی‌ ” دووئیش ده‌كه‌م بۆئه‌وه‌ی‌ بیانووی‌ هاوسه‌ره‌كه‌م ببرم كه‌ ده‌ڵێ مووچه‌كه‌مان به‌شی‌ بژێوی‌ ژیانمان ناكات و ئه‌گه‌ر ئیشێكی‌ تر نه‌كه‌م ناتوانم درێژه‌ به‌ ژیان بده‌م، ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌و دوو ئیشیه‌ كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر سۆز‌و په‌روه‌رده‌ی‌ دوو منداڵه‌كه‌م، به‌ڵام چارم ناچاره‌ هه‌ر ده‌بێ لایه‌كیان به‌ قوربانی‌ لاكه‌ی‌ تر بكه‌م”.
به‌شێك له‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ مێرده‌كانیان دوو ئیش ده‌كه‌ن پێیان وایه‌ خراپی‌ بارودۆخی‌ ئابوری‌ ئه‌وانی‌ كردۆته‌ قوربانی‌ و هه‌ندێك له‌ پیاوانیش زیاد له‌ پێویست ئیش ده‌كه‌ن.
ناسكه‌ یاسین ته‌مه‌ن 26 ساڵ، به‌سه‌ر سورمانه‌وه‌ ده‌یوت”پیاوان له‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌رێك‌و هه‌زار سه‌ودایان هه‌یه‌، به‌شێكیان بوون به‌ دووپارچه‌ واده‌زانن نان به‌ هه‌زار دیناره‌، به‌رده‌وام خه‌ریكی‌ راكه‌ راكن هیچیشیان پێوه‌دیار نیه‌، ئێمه‌ی‌ ئافره‌تانیش بووین به‌قوربانی‌ راكه‌راكه‌ی‌ مێرده‌كانمان”.
به‌ براوای‌ توێژه‌رانی‌ كۆمه‌لاَیه‌تیش دوو ئیشی‌ پیاوان هۆكارێك بۆ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كردنی‌ منداڵ‌و دروستبوونی‌ كێشه‌ له‌ نێوانی‌ خێزانه‌كان.
به‌هائه‌دین كامیل، توێژه‌ری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ بۆ هاوڵاتی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ دوو ئیشی‌ پیاو ده‌ره‌نجامی‌ خراپی‌ لێ ده‌كه‌وێته‌ كه‌ زۆرجار واده‌كات به‌خته‌وه‌ری‌‌و خۆشی‌ خێزان بكه‌وێته‌ ژێر مه‌ترسیه‌وه‌، هۆكاری‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ كه‌می‌ هۆشیاری‌ خێزانی‌‌و گرنگی‌ نه‌دانه‌ به‌ یه‌كتر.
ئه‌و توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ وتی‌ “نه‌خوێندنه‌وه‌‌و لێك تێنه‌گه‌یشتنی‌ نێوانی‌ ئافره‌ت‌و پیاو له‌ رووی‌ ده‌روونیه‌وه‌ هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رۆژ دوای‌ رۆژ هه‌ستی‌ ژن‌و مێردایه‌تی‌ سارد ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌وانه‌یه‌ سه‌ر بكێشێت بۆ جیابوونه‌وه‌ش و بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژن‌و پیاو زیاتر لێك تێبگه‌ن‌و ده‌روونی‌ یه‌كتر بخوێنه‌وه‌ پێویست ده‌كات پیاوان كاتێكی‌ زۆر به‌ تایبه‌ت شه‌وانه‌ له‌ماڵه‌وه‌ بن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ناخی‌ یه‌كتر بگه‌ن، چونكه‌ سۆزی‌ ئافره‌ت له‌ پاره‌ زۆر گرینگرتره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پیاوان لێی‌ ده‌روانن”.

س:هاولاتى