بەربووك ئەو ژنە بەتەمەنە بوو كە شارەزایی لەژیانی ژن و مێردایەتی هەبووە و لەڕۆژی گواستنەوەی بووك تا شەو لەگەڵ بووك دەمایەوە و زانیاری دەربارەی ئەو ژیانە نوێیە بەبووكە دەدا تا زاواكە دەهاتە ژووەرەوە، بەڵام لەئێستادا بەربووك ڕۆڵێكی ئەوتۆی نەماوەو چەندین سەنتەری هۆشیاری و ڕێنمایی هاوسەران كراونەتەوە، لەشاری سلێمانی سەنتەرێكی تایبەت بۆ ئەوگەنجانە دابین كراوە كە لەقۆناغی دەستگیرانی دان و بۆ هاوسەرگیری ئامادە دەكرێن، بەڵام كاری ئەو سەنتەرانە، تەنیا هۆشیاری سێكسی نییە، بەڵكو هۆشیاركردنەوەی گەنجانە بەهەموو لایەنەكانی ژیانی نوێی هاوسەرگیری، كۆمەڵایەتی كە لەو قۆناخە نوێیەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە.

بەربووك چییە؟
د.شوكرییە ڕەسول شارەزا لەبواری كەلتوور باس لەوە دەكات، یەكێك لەو نەریتانەی شووكردن و ژن هێنانە كە دێتە ئاراوە بەتایبەتی لەكاتی گواستنەوەی بووكدا بۆ ماڵی مێرد، هێنانی ئەو بەربووكەیە، دكتۆرە دەشڵێت «دەتوانم بڵێم لەساڵانی حەفتاكانیش ئەو نەریتە هەر مابوو بەتایبەتی لەهەندێك گەڕەكی میللی و گوندەكان، مەسەلەی بەربووك بەو ئافرەتە دەگوترێت كە تەمەنێك شارەزایی لە پرۆسەی هاوسەرگیری و قوناغی ڕێنمایی سێكس هەیە بۆ بووك و زاوا پێش ئەوەی بووك بچێتە ناو شەوی پەردە، ئەو بەربووكە لەكاتی زەماوەند لەگەڵ بووك دەڕوات تا شەو ئەو ئافرەتە لەگەڵ ئەو بووكە دەچێتە ژوورەوە و قوماشێكی سپی لەسەر شوێنی خەوتنەكە بۆ ڕادەخات و پێی دەڵێت هەركاتێك ڕووسور بووی پەردەی كچێنیت نەما من ئەو پەڕۆیە لەگەڵ خۆم دەبەم و دەبێتە نیشانەی سەربەرزی و ڕوو سوری بنەماڵەكەت و بنەماڵەی زاواش دوای ئەوە كە بووك پەردەی كچێنی نەما بەربووك پارچە قوماشەكە دەبات و بەخانەوادەكانی نیشان دەدا كە دەبینن پەردەی كچێنی نەماوە و دەیكەن بەتەقە، ئینجا ئەو بەربووكە خەڵاتێك یاخود پارەی خۆی وەردەگرت).
د.شوكریە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم ڕێنماییە كۆمەڵایەتیەی بە بووكەكە دەگوترێت سوودی هەیە، چونكە لەكۆنەوە هیچ كچێك زانیاری لەسەر ئەو بابەتانە نەبووە و هەموو ئافرەتێكیش لەدڵەڕاوكێەكی زۆر ناخۆشدا دەبێت و نازانێ چی بكات و چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو مێردەیە بكات لەو ماوەی كە مێردەكەی دەچێتە لای، ئەو زانیارییەش كە هەیەتی هەر زانیاریەكی كەمە كە گوێبیست بووە، چونكە كچەكانی ئێمە وەكو ئەوروپا نین كچ كە شوو بكات لەو بابەتانە زانیاری تەواوی هەبێت، بەڵام كچانی ئێمە ترسیان لەوە دەبێت و پرسیار لایان دروست دەبێت، ئایا پەردەی كچێنی هەیە؟ تو بڵێی خوێنی هەبێت؟ تۆ بڵێی ڕوو سور بێت لەبەردەم بنەماڵەكەی؟ ئەمانە هەموو كۆمەڵێ پرسیارە لەلایەن كچەكەوە دروست دەبێت و كچەكە دەخاتە دڵەڕاوكێ، چونكە زۆرجار ئافرەت پەردەی كچێنی ئەستورە یان پیاوەكە ناتوانێت ببیتە زاوا و كێشەی گەورەی لێدەكەوێتەوە، كە زۆرجار دەگاتە ڕاددەی كوشتن، چونكە پیاوەكە لەو ڕوویەوە هۆشیار نەكراوتەوە و ڕێنمایی پێنەدراوە، بۆیە پێویستە لەم بوارەدا سەنتەری تایبەت هەبێت كە ئێستا لەسلێمانی هەیە و بەشێوازێكی زانستیانە ئەو زانیاریانە بەو كوڕ و كچانە دەدەن كە لەقۆناغی دەستگیرانی دان و ئامادە دەكرین بۆ ژیانی هاوسەرگیری. هیوادارم لەهەموو كوردستان لەو جۆرە سەنتەرە هەبێت بۆ هۆشیاركردنەوەو پێگەیاندنی خێزانی سەركەوتوو».

لەشەوی یەكەمی بووكێنیم تووشی شۆك بووم
نازەنین مەحموود ژنێكی تەمەن 30 ساڵە و لەئارایشگایەك بوو كە لەگەڵ خوشكە بچووكەكەی هاتبوون بۆ ڕازاندنەوە و ئامادەكردنی ئاهەنگی گواستنەوەی شیرینی خوشكی، لەمبارەوە پێی وتین، لەساڵی 1997 شووی كردووە، سەبارەت بەڕۆژی بووكێنی خۆی بەمجۆرە بۆی باس كردین «شەوێك پێش گواستنەوەم پیرەژنێك دووكچی بەدایك و باوكی لەگەڵ خۆی هێنابوو لەگەڵ پیاوێك كە بەو پیاوە دەڵێن (پێچك سە) ئەو پیاوە دەچێت هەواڵ دەداتە ماڵی بووك كە بووك ئامادە بكەن بۆ ئەوەی بەیانی بیبەن، كە ئەو هات هەواڵی بۆ ئێمە هێنا دوای ئەوە ئینجا پیرەژنەكە هات كە پێی دەڵێن بەربووك لەگەڵ دووكچەكەی منیان برد بۆ گەرماو و سەرشووشتن و دەموچاو چاككردن و پاككردنەوەی جەستە، پیرەژنەكە بەدووكچەكەی دەگووت ئەوانیش بەكارەكان هەڵدەستان وەكو مامۆستایەك بوو، ئەو بەربووكە هەرچی زانیاری هەبوو دەربارەی ژیانی هاوسەرگیری لەوكاتانە بۆمی باس دەكرد، بۆ بەیانی ڕۆژی بووكینی پارەی خستە ناو پێڵاوەكانم و گوتی كە گەیشتیە ماڵی زاوا منداڵێك دەهێننە باوەشت و پارەكەی دەدەیە دەست منداڵەكە. تا شەو ئەو بەربووكە لەگەڵم بوو، شەو كە چوومە ژووری خۆم لەگەڵم هات و پارچە قوماشەكەی لەشوێنی خەوتن ڕاخست و ئامۆژگاری كردم كاتێك زاوا دێتە لام نەترسێم و بەئاسانی خۆم تەسمیل بكەم بۆ ئەوەی بەسەركەوتوویی ڕووی سوری خۆم بسەلمێنم، جا ئەوكات بەربووكە لەبەردەم دەرگا دانیشت بوو تا كاتی بەزاوا بوون ئینجا پارچە قوماشەكەی لێمان وەرگرت و بەماڵەوەی هەردوو لامانی نیشاندا» نازەنین لەبارەی نەمانی بەربووكەوە دەڵێت «گەنجی ئێستا پێویستان بەهەبوونی بەربووك نییە، لەبەر ئەوە لەڕێگای تەكنۆلۆژیاوە زۆر زانیاری وەردەگرن، بەڵام كێشەكە لەوەیە بەشێوەیەكی زانستیانەو هۆشیارانە سەیری ئەو بابەتانە ناكەن، تەنیا هەر بۆ كات بەسەر بردنە، بۆیە پێموایە كاتی ئەوە هاتووە سەنتەری هۆشیاركردنەوە لەهەموو پارچەیەكی كوردستان بەتایبەت گوندنیشینەكان، بوونی ڕێنمایی بۆ پیاوەكان زۆر گرنگە، چونكە من لەو شەوە تووشی شۆكێكی زۆر بووم، بۆ من وەكو سەرسوڕمانێك بوو ئەگەر بێتو كچ و كوڕەكە لەماوەی دەستگیرانی بەزانستیانە هۆشیاربكرێنەوە، تووشی هیچ كێشەیەك نابن».
شیرین مەحموود تەمەن 24 ساڵە كە ڕۆژی گواستنەوەكەی بوو لەئارایشگاكە دەڕازاندرایەوە، باسی لەوە كرد كە هیچ زانیارییەكی لەبارەی بەربووكەوە نییە و تەنیا هەندێ زانیاری لەنازەنینی خوشكی وەرگرتووە، پێوایە زۆر گرنگە سەنتەرێك هەبووایە بۆ هۆشیاركردنەوە، بۆیە لەمبارەوە ئەو كچە دەڵێت «من لەگەڵ ئامۆزاكەم واتە دەستگیرانەكەم ئەگەر سەنتەرێكی هۆشیاركردنەوەی خێزانی هەبووایە، سەردانمان دەكرد و زانیاریمان لەكەسانی پسپۆر وەردەگرت، زۆر باشتر بوو لەوەی كە زانیاری لەكەسانی تر ببیستین».

پێش هاوسەرگیری كەنیسە ڕێنمایی كوڕ و كچانی كریستیان دەكات
ستیفین جۆرج حەنا جێگری قەشە ماوەی 4 ساڵە وەكو مامۆستایەك لەكەنیسەی مار قرداخی شەهید وانەی هاوسەرگیری ژیان دەڵێتەوە، لەمبارەوە باس لەوە دەكات كە ئەوان وەك پێڕەوانی ئایینی كریستیان كاتێك كچ و كوڕ لەكاتی دەستگیرانی كە بۆ ماوەی هاوسەگیری نزیك دەبنەوە پێویستە لەسەریان سەردانی كەنیسە بكەن بۆ وەرگرتنی وانەی ژیانی هاوسەرگیری و سەردانەكەشیان بەچەند دانیشتنێك دەبێت و زانیاری لەبارەی ژیانی هاوسەرگیری و چۆنییەتی دروست بوونی منداڵ و پەروەردەكردنی خێزان وەردەگرن. ستیفن دەڵێت «هەموو كچ و كوڕێكی دەستگیراندار بەزۆر دەبێت سەردانی كەنیسە بكەن بۆ وەرگرتنی ئەو زانیاریانە، ئەگەر ئامادەنەبن ئەوە مەراسیمی هاوسەرگیریەكەیان بۆ بەڕێوە ناچێت».

سەنتەری ڕاوێژكاری خێزانی بۆ ڕێنمایی هاوسەران
سەنتەری ڕاوێژكاری خێزانی بۆ ڕێنمایی هاوسەرانە و ڕۆژی 17/4/2009 دامەزراوە كە سەر بەیەكێتی ژنانە لەسلێمانی بە هاوكاری فەرمانگەی تەندروستی و نەخۆشخانەی لەدایك بوون و بە یارمەتی وەزارەتی تەندروستی ئەو سەنتەرە دروست كراوە، كە ڕۆژانە 50 تا 60 كوڕ و كچ وەردەگرن، ئەوانەی لەكاتی مارەبڕین كە دەچن بۆ پشكنینی خوێن دوای ئەوە پشكنینەكەیان نادەنەوە تاوەكو سەردانی لای ئەو سەنتەرە نەكەن ئەمەش بۆ ئامادەكردنی ئەو كوڕ و كچانەی كە لەقۆناغی دەستگیرانییەوە دەچنە ژیانی هاوسەرگیری، ڕۆژێك دەبێت سەردانی ئەو سەنتەرە بكەن بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی هاوسەرگیری و شەوی یەكەمی هاوسەران و دروستبوونی منداڵ و داهاتووی خێزان وەربگرن.
رۆناك فەرەج ئاغا بەرپرسی ئەو سەنتەرە و لێپرسراوی یەكێتی ژنان لەسلێمانی دەڵێت «ئێمە لەساڵی 1994 ئەو بیرۆكەیەمان هەبووە، چونكە هەستمان بەوە كردبوو زۆرێك لە بوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان نەبوونی زانیاری تەندروستە لەسەر شەوی یەكەمی نێوان كچ و كوڕەكە و چەندینجار كە ڕووداوی دڵ تەزێنیشی لێكەوتۆتەوە، هەروەها هەندێ جار ئەو گەنجانە لەقووڵایی و ئەركی ژیانی خێزانی نازانن، بۆیە لەو سەنتەرەی ئێمە ڕۆژێكیان بۆ دابین دەكرێت كە بە3 وانە هەموو زانیاریەكانیان پێ دەگوترێت و وانەكانیش لەسەر تەندروستی گشتی و پەردەی كچێنی و جۆرەكانی گرفتی پەردەی كچێنی كە لەكۆمەڵگەی ئێمە ئاسایی نییە و چۆنییەتی دروستبوونی منداڵ و كۆمەڵێ زانیاری تر كە لەژیانی خێزانی پێویستە هەبێت و هەمووی بەكۆمپیتەر و زانستیانە فێردەكرێن لەوكاتەیە ئەو كچە پێویستی بەزانیاری بەربووك نابێت». خاتوو ڕۆناك دەشڵێت «ئێمە پێمان باش بوو ئەو سەنتەرە لەهەموو كوردستان هەبێت و لەڕێگای دادگاوە كە دادوەر كچ و كوڕ لەڕێگای دادگاوە مارە نەكات تا سەردانی ئەو سەنتەرە نەكەن بۆ پێدانی زانیاری بۆ ئەوەی هۆشیار بكرێنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمە تەنیا لەسلێمانی دامەزراوە و لەشوێنی تر نەكرا، هیوادارم لەهەموو پارچەكانی تری كوردستان هەبێت، چونكە ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی سەردانیمان زیاتر دەبێت و دێن باسی كێشەكانیان دەكەن و لەڕێگای ئەو سەنتەرەی ئێمەوە بۆیان چارەسەر دەكەین».

گولان