نه‌خۆشی ده‌رده‌ڕێوی یان (دا‌ء الثعلب) یه‌كێكه‌ له‌نه‌خۆشیه‌ زۆره‌كانی پێست كه‌ مرۆڤ تووشی ده‌بێت، ئه‌م نه‌خۆشییه‌ پێكهاتووه‌ له‌كه‌وتنی تووك له‌چه‌ند شوێنێك له‌ له‌شی مرۆڤ به‌تایبه‌تی قژو ریش، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ تووشی ده‌بێت پێسته‌كه‌ی سوورده‌بێته‌وه‌و له‌چه‌ند حاڵه‌تێكیشدا ئاوی لێده‌رده‌چێت، جاری وا هه‌یه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ هه‌موو سه‌ری مرۆڤه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌ هه‌روه‌ها یه‌كێكه‌ له‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه‌ پزیشك یان تاقیكردنه‌وه‌ی پزیشكی نازانێت ئه‌و نه‌خۆشه‌ تووشی بووه‌ تاكو ده‌رده‌كه‌وێت له‌ نه‌خۆشه‌كه‌ له‌ چه‌ند رۆژێك بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك.
ئه‌وانه‌ی كه‌ تووشی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ ده‌بن زۆر كات ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی شێوازی ژیانیان و باری ده‌رونیان تێكده‌چێت و هه‌ست به‌ شه‌رم ده‌كه‌ن له‌ناو كۆمه‌ڵگادا.
رێژه‌ی نه‌خۆشی ده‌رده‌ڕێوی 5% بۆ 7% زیاتره‌ له‌زۆرینه‌ی نه‌خۆشیه‌كانی پێست له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان و ته‌نها ره‌گه‌زی نێر ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو ره‌گه‌زی مێ-ش ده‌گرێته‌وه‌و قۆناغی تایبه‌تی نییه‌ بۆ تووشبوونی، به‌ڵكو له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی مرۆڤدا ئه‌گه‌ری تووش بوون هه‌یه‌ به‌و نه‌خۆشییه‌.
له‌ساڵی 1900دا له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن له‌بواری زانستی تاقیكردنه‌وه‌ی پزیشكی و میكروب، ئه‌وه‌ په‌سه‌ندكرا كه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی نییه‌ به‌میكرۆب و پیسیه‌وه‌.
هۆیه‌كانی نه‌خۆشی ده‌رده‌ڕێوی
بێگومان باری ده‌روونی و قه‌له‌قی مرۆڤ و توڕه‌بوون كاریگه‌ریه‌كی زۆری هه‌یه‌ بۆ تووشبوون به‌و نه‌خۆشیه‌، هه‌روه‌ها 10% له‌ تووشبوون به‌و نه‌خۆشیه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كاریگه‌ری فسیۆلۆژی و بۆ ماوه‌یی.
چه‌ند نه‌خۆشیه‌ك هه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی ده‌ركه‌وتنی نه‌خۆشی ده‌رده‌ڕێوی وه‌كو (نه‌خۆشی ددان و ره‌شبونه‌وه‌ی‌ ددان و جیوبی لوت و چه‌ند نه‌خۆشیه‌كی چاو)، چه‌ند تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك كراوه‌ له‌لایه‌ن زانایانی پزیشكی له‌جیهان ده‌ركه‌وتووه‌ له‌كاتی تێكچوونی باری ته‌ندروستی چاوی مرۆڤ و به‌تایبه‌تی نه‌خۆشی دوور بینین و نزیك بینین و چاره‌سه‌رنه‌كردنی به‌چاویلكه‌ كاریگه‌ریه‌كی زۆری هه‌یه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی نه‌خۆشی ده‌رده‌ڕێوی.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری له‌ باش كارنه‌كردنی ئامێری به‌رگری له‌شی مرۆڤ وا ده‌كات ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی چه‌ند مادده‌یه‌ك دژ به‌خۆی و ده‌ینێرێت بۆ ره‌گه‌كانی قژو ریش و رایده‌وه‌ستێنێت له‌كاركردن و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری وه‌ستانی یه‌كه‌كانی قژو موو و ئه‌و نه‌خۆشیه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.
جۆره‌كانی نه‌خۆشی ده‌ده‌ڕێوی
ئه‌م نه‌خۆشیه‌ ده‌رده‌كه‌وێت له‌قژو ریش نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌كو به‌تاڵیه‌كی خڕ له‌و شوێنه‌ی توكی لێدێت هیچ توكێكی تێدا نییه‌و له‌كاتی تووش بوون ئه‌و قژه‌ وه‌ك نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان ده‌بێت!
جۆریك له‌م نه‌خۆشیه‌ ته‌نانه‌ت له‌چه‌ند شوێنێكی كه‌م ده‌رده‌چێت له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌كو ناوه‌ڕاستی سه‌رو ئه‌و جۆره‌ له‌جۆره‌كانی تر به‌خێرایی و به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و به‌به‌كارهێنانی چه‌ند جۆره‌ ده‌رمانێكی وه‌ك (الكۆرتیزۆن Cortisone) له‌شوێنی ده‌رچوونی نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌ده‌رزی یان له‌ڕێگه‌ی ده‌مه‌وه‌، ئه‌مه‌ش یارمه‌تی نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ قژ له‌سه‌ری دروست بێته‌وه‌.
جۆرێكیتر تووشی هه‌ردوو لای سه‌ر ده‌بێت و ده‌رده‌كه‌وێت وه‌كو خه‌تێكی پان و ئه‌مه‌ش پێی ده‌وترێت (مار) ئه‌مجۆره‌ زۆرجار به‌رگری ده‌كات له‌چاره‌سه‌ركردن و ئه‌مه‌ش به‌زۆری چاره‌سه‌ری تیشكی پێویسته‌.
جۆرێكی تری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ هه‌یه‌ ناوی نراوه‌ به‌نه‌خۆشی رێوی گشتی (Alopecia Totalis) ئه‌مه‌ش هه‌موو قژی سه‌ر ده‌وه‌رێت به‌یه‌ك جار.
سه‌ردانی پزیشكی ده‌روونی بكات
جۆریكی تری ئه‌م نه‌خۆشیه‌ هه‌موو تووكی له‌شی نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌كه‌وێت و ته‌ماشا ده‌كرێت قژی سه‌ری نه‌خۆشه‌كه‌ هه‌موو وه‌ریوه‌و نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو مووی برۆو برژانگ و ریش، هه‌روه‌ها مووی بنباڵ هه‌موو ده‌كه‌وێت، ئه‌م جۆره‌یان زۆر به‌ئه‌سته‌م چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و باشترین كار ئه‌وه‌یه‌ سه‌ردانی پزیشكی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشی ده‌روونی بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ زۆر بیرده‌كاته‌وه‌و تووشی قه‌له‌قییه‌كی ده‌روونی ده‌بێت، چونكه‌ ده‌ترسێت ئه‌و نه‌خۆشیه‌ له‌هه‌موو له‌شیدا بڵاوبێته‌وه‌و بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی خراپی نه‌خۆشیه‌كه‌.
بۆیه‌ سه‌ردانی پزیشكی ده‌روونی زۆر گرنكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پزیشك بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ی ڕوونبكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشیه‌ چاره‌سه‌ركردنی ئاسانه‌و ته‌نانه‌ت بیری لێنه‌كاته‌وه‌و ئه‌گه‌ر هه‌بوو وێنه‌ی چه‌ند نه‌خۆشێكی پێ نیشان بدات كه‌ چاره‌سه‌ركراون و بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ی بسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ نه‌بێته‌ مایه‌ی تێكچوونی ژیانی ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌شی درێژه‌ی خایاند.
هاووڵاتی‌ (ك.س) یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانی‌ كه‌ تووشی‌ نه‌خۆشی ده‌رده‌ڕێوی بووه‌ و ده‌ڵێت: منش تووشی‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بومه‌و سه‌ره‌تای‌ نه‌خۆشیكه‌یه‌ به‌وه‌ زانیم كه‌ سه‌یرمكرد ریشم وه‌رینی‌ تێكه‌وتوه‌ زوو سه‌ردانی‌ پزیشكم كردوو وتی‌: تووشی‌ نه‌خۆشیی‌ ده‌رده‌ڕێوی بویت و سه‌ره‌تای‌ نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌و چاره‌سه‌ری‌ زۆر ئاسانه‌
وتیشی: سێ‌ هه‌فته‌ جارێك سه‌ردانی پزیشك ده‌كه‌م و تا نه‌خۆشییه‌كه‌م به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

كوردستانى نوئ