هه‌میشه‌ مرۆڤ خاوه‌نی‌ ته‌ندروستییه‌كی‌ جه‌سته‌یی‌ ته‌واو نییه‌، به‌ڵكو چه‌نده‌ها جار تووشی‌ نه‌خۆشی‌ و په‌ككه‌وتن و لاوازبوون ده‌بێت، بێگومان نه‌خۆشیه‌كانیش جۆریان زۆره‌، به‌ڵام له‌هه‌موویان گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێ‌ قسه‌ له‌سه‌ر نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ بكه‌ین تاكو ژنانی‌ ئه‌م وڵاته‌ی‌ ئێمه‌ش لێی‌ به‌دووربن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا به‌شێكی‌ ژنانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ی‌ خۆمانی‌ گرتۆته‌وه‌.
ساته‌وه‌ختی‌ زوو و له‌كۆندا خه‌ڵك ته‌نها پشتی‌ به‌ستبوو به‌سروشت و خوارده‌مه‌نییه‌ ره‌سه‌نه‌كانی‌ سروشت به‌بێ‌ گۆرانكاری‌ تێیاندا، به‌ڵام ئێستا سه‌رده‌می‌ سروشت لای‌ خه‌ڵكی‌ گۆراوه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئێستاش لێره‌وله‌وێ‌ كاری‌ جددی‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كرێت كه‌ بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ سروشت و به‌رهه‌مه‌ ره‌سه‌نه‌كانی‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م ژن خواردن ئاماده‌ده‌كات و هه‌میشه‌ ئه‌ویش زه‌وق و ئاره‌زووی‌ زیاتری‌ هه‌یه‌ بۆ درووستكردنی‌ خواردنه‌كان بۆیه‌ هه‌ندێ‌ رێنمایی‌ پێویسته‌ بۆیان تاكو خۆیان و مناڵ و هاوسه‌رانیشیان بپارێزن له‌نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی‌.
ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ بكه‌ن
1- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و خواردنانه‌ی‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ رۆن و چه‌ورییه‌وه‌ درووست ده‌كرێن و به‌رهه‌مدێن له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پزیشكه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ رۆن و هه‌ر شتێك به‌چه‌وری‌ درووستده‌كرێت به‌هۆكارێكی‌ سه‌ره‌كی‌ داده‌نێن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا خه‌ڵكی‌ ئێمه‌ دڵنیاش نییه‌ له‌جۆری‌ ئه‌و رۆنه‌ش كه‌ به‌كاریده‌هێنێت تا بزانێت چه‌نده‌ رێژه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ و مادده‌ی‌ پارێزگاری‌ تێدایه‌ یان نا، هه‌روه‌ها پزیشكه‌كان رێنماییمان ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ كه‌ رۆنی‌ به‌روبوومه‌ نه‌باتیه‌كان به‌كاربهێنین وه‌كو رۆنی زه‌یتون و هاوشێوه‌كانی‌.
2- به‌كارنه‌هێنانی‌ رێژه‌ی‌ زۆری‌ خوێ‌ و شه‌كر كه‌ هه‌ردووكیان به‌ژه‌هری‌ سپی‌ ناوبراون له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌مڕێگه‌یه‌وه‌ ئه‌و خانانه‌ی‌ كه‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ درووست ده‌كه‌ن گه‌شه‌ پێده‌دات و له‌دواجاردا نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌بێته‌ نه‌خۆشییه‌كی‌ جددی‌ و پێویستی‌ به‌چاره‌سه‌ری‌ تایبه‌تی‌ و خۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ ده‌بێت.
3- به‌كارهێنانی‌ شیرو چای‌ سه‌وزو گێزه‌رو سێوو سه‌وزه‌وات و پڕته‌قاڵ كاریگه‌رییه‌كی‌ زۆرباش و ئیجابیان هه‌یه‌ له‌دژایه‌تیكردنی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌و له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و ڤیتامیناتانه‌ی‌ كه‌ تیایه‌تی‌ دژ به‌خانه‌كانی‌ شێرپه‌نجه‌ ئه‌وه‌ستیچته‌وه‌و تێكیان ده‌شكێنێت.
4- به‌داخه‌وه‌ یه‌كێك له‌و هۆكاره‌ زۆرباشانه‌ی‌ كه‌ به‌كارهێنانی‌ زۆر ئاسانه‌و ژنانی‌ ئێمه‌ ئه‌نجامی‌ ناده‌ن به‌پاڵنه‌رێكی‌ زۆر باش و سه‌ركه‌وتوو دائه‌نرێت بۆ دژایه‌تیكردنی‌ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ به‌تایبه‌تیش نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ خوێن ئه‌ویش وه‌رزشكردنێكی‌ به‌رده‌وامه‌ له‌هه‌فته‌یه‌كدا سێجارو هه‌ر جاره‌ش بۆ ماوه‌ی‌ نیو سه‌عات، به‌ڵام به‌به‌رنامه‌و رێنمایی‌ كه‌سی‌ تایبه‌ت.
4- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌گۆشتی‌ به‌رهه‌مه‌ گیاندارییه‌كان كارێكی‌ باشه‌و رووكردنه‌ خواردنی‌ گۆشتی‌ ماسی‌ وه‌كو به‌دیلی‌ ئه‌م رێگه‌یه‌ زۆر گونجاوه‌و خاوه‌نه‌كه‌ی‌ له‌ته‌ندروستییه‌كی‌ باش نزیكده‌كاته‌وه‌.
5- زاناكان بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ تووشی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ قۆڵۆن بووه‌ ئه‌گه‌ر بێت و خۆی‌ بداته‌ به‌ر تیشكی‌ خۆر له‌گه‌ڵ جۆری‌ خواردنه‌كانی‌ به‌و شێوه‌یه‌بێت كه‌ باسمانكرد ده‌بێته‌ رێگه‌ چاره‌یه‌كی‌ باش بۆی‌، چونكه‌ هۆیه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌متر جه‌سته‌ی‌ به‌ر خۆری‌ بینیوه‌و هه‌میشه‌ ویستویه‌تی‌ په‌رده‌یه‌كی‌ داپۆشه‌رو سێبه‌ری‌ به‌سه‌ره‌وه‌ بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ تیشكی‌ خۆر جۆری‌ ڤیتامین (D) له‌له‌شی‌ مرۆڤدا زیاد ده‌كات.
6- زانایان پێیانوایه‌ چای ئاسایی‌ كه‌ به‌پێی‌ رێنماییه‌كان بخورێته‌وه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا ئه‌وا رێژه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ به‌ له‌30% داده‌به‌زێنێت له‌ساته‌وه‌ختێكدا نه‌خۆشه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ تووشبونیدابێت خۆ ئه‌گه‌ر چایه‌كه‌ی‌ به‌به‌رهه‌می‌ گیراوه‌ی‌ ئاوی‌ سروشتی‌ لیمۆوه‌ بخواته‌وه‌ ئه‌وا رێژه‌ی‌ به‌رگری‌ له‌ش به‌رزده‌كاته‌وه‌ بۆ له‌60% – 70% .
7- جۆرێكی‌ بڵاوی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ بریتییه‌ له‌نه‌خۆشی‌ مه‌مك كه‌ له‌وڵاتی‌ ئێمه‌ش به‌شێك له‌ژنانی‌ گرتۆته‌وه‌، رێنمایی‌ بۆ ژنان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ ژن گرنگی‌ به‌پاكوخاوێنی‌ خۆی‌ بدات و به‌سێ‌ مانگ جارێك پشكنینی خۆی‌ بكات، یان هه‌ر كاتێك گۆرانكاریی‌ له‌مه‌مكه‌كانیدا بۆ ده‌ركه‌وت زوو بچێته‌لای‌ پزیشكی‌ تایبه‌تمه‌ندو پسپۆڕ، زاناكان پێیانوایه‌ باشترین كاتێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژن بزانێك بۆی ده‌ركه‌وێت كه‌ گۆرانكاری ناسروشتی‌ له‌مه‌مكه‌كانی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ماوه‌ی‌ نێوان دوو سووری‌ مانگانه‌یه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ په‌نجه‌كانیه‌وه‌ كه‌شفی‌ مه‌مكه‌كانی‌ ده‌كات، به‌كارهێنانی‌ زه‌نجه‌بیل باشترین ده‌رمانی‌ دژ به‌م جۆری‌ نه‌خۆشیه‌یه‌.
8- رۆژانه‌ خواردنه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ پاك به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ باش له‌و رێگه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌یه‌ كه‌ پزیشكانی‌ تایبه‌تمه‌ند جه‌ختی‌ له‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه‌.
له‌كۆتایدا داواكارم له‌ ژنانی‌ ئه‌م نیشتمانه‌ به‌م زانیاریه‌ كه‌مه‌ واز له‌وه‌ نه‌هێنن كه‌ به‌دوای‌ زانیاری‌ تردا نه‌گه‌رێن له‌سه‌ر نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌، چونكه‌ پێویستیان به‌زیاتر هه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ ته‌واو دڵنیاش بیت له‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ت نییه‌.

كوردستانى نوئ