خواردنی خۆراكی سووركراو نابێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ وەك ئەوەی باوە، بەمەرجێك ئەو رۆنەی خۆراكەكەی پێ ئامادە دەكرێت زەیتی زەیتون یان زەیتی گولەبەڕۆژە بێت.
نوێترین لێكۆڵینەوەی ئیسپانی كە لە گۆڤارێكی پزیشكی بەریتانیدا بڵاوكراوەتەوە ئەوەی خستەڕوو كە پەیوەندی لەنێوان خواردنی خۆراكی سووركراوە لەگەڵ دروستبوونی نەخۆشی دڵ دا نییە.
بەڵام دەزگای دڵی بەریتانی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو لێكۆڵینەوەیە هۆشداریدا لەوەی پەلە نەكرێ لە بەكارهێنانی خۆراكی سووركراو، دەزگاكە ئەوەشی خستەڕوو كە خۆراكی ناوچەكانی نێوەڕاست تەندروستترن لە خۆراكی بەریتانی.
لە نێوەڕاستی ساڵی نەوەتەكانەوە تاوەكو 2004 لێكۆلەرانی ئیسپانی زیاتر لە 40 هەزار كەسیان خستووەتە لێكۆڵینەوەكەیانەوە كە سێ بەشیان ئافرەتن، بەڵام لەو ماوەیەدا هیچ پەیوەندییەكی ئاشكرایان دەستنەكەوتووە لەنێوان مردن یان تووشبوون بە نەخۆشی دڵ لەگەڵ خواردنی خۆراكی سووركراوە.
بەڵام مایكڵ لایتسمان مامۆستای زانكۆی ریگینیسبۆرگ لە ئەڵمانیا دەڵێ نەدۆزینەوەی پەیوەندی لەنێوان نەخۆشی دڵ و خۆراكی سووركراوە مانای ئەوەی نییە كە ئیتر ئەو جۆرە خۆراكانە زیانی تەندروستییان نییە، چونكە گەرمۆكەی(سعرە) بەرزی خۆراكیان تێدایە كە دەبنە هۆی قەڵەوی.
ئاشكرایە خۆراكی سووركراو بە رۆنی تیر و خوێی زۆر دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی گوشاری خوێن، هەروەها پسپۆڕانی خۆراكی بەریتانی ئامۆژگاری دەكەن بە گۆڕینی رۆنە تێرەكانی وەك رۆنی كەرەو رۆنی گیانەوەری بۆ رۆنی شلی رووەكی وەك زەیتی زەیتون و گوڵەبەڕۆژە، ئەوەش بۆ دابەزاندنی كۆلیسترۆڵی خوێن، بەڵام بەكارهێنانی زۆری رۆن كە یەكەی خۆراكی بەرزی تێدایە دەبێتە هۆی قەڵەوی كە هۆكارێكی تووشبوونە بە نەخۆشییەكانی دڵ، بەڵام ژەمە خۆراكێك میوەو سەوزەی تێدابێ، خۆراكی سووركراوی كەمتربێت بۆ لەش بەسوودە.

رووداو