پاش ئاشکرابونی پێکهاتەی رەنگی (پیپسی) و(کۆکاکۆلا) کە مادەیەکی شێرپەنجەییە، هەردو کۆمپانیای بەناوبانگی بواری بەرهەمهێنانی خواردنەوەی غازی، لەلایەن ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکاوە ناچارکران پێکهاتەی رەنگی خواردنەوە غازییەکانیان بگۆڕن.
بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری (تایم)ی ئەمەریکی، دوای دەرچونی بڕیارێک بۆ گۆڕینی مادەی (كارسينوجينز)ی شێرپەنجەیی کە لەپێکهاتەی رەنگی خواردنەوە غازییەکانی هەردو کۆمپانیادا هەیە، لە بەیاننامەیەکدا (پیپسی) و(کۆکاکۆلا) پابەندبونی خۆیان بەو بڕیارەوە راگەیاند.
لەلێدوانێکیشدا نوێنەرێکی کۆمپانیای کۆکا کۆلا بەگۆڤاری (تایم)ی راگەیاندوە، کە دوای گۆڕانکاری لە پێکهاتەی خواردنەوە گازییەکانیاندا هیچ گۆڕانێک لە تامی خواردنەوەکەدا رونادات و وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ئەو راپۆرتە ئەوەشی ئاشکراکردوە، ئەومادەیەی لە رەنگکردنی خواردنەوە گازییەکاندا بەکار دێت، ئەگەری توشبون بە شێرپەنجەی جۆراوجۆر زیاد دەکات.
لەئێستادا هەردو کۆمپانیا (پیپسی) و(کۆکاکۆلا) رێژەی 90% بەرهەمهێنانی سەرجەم خورادنەوە غازییەکانی جیهان بەرهەم دەهێنن.
کۆمپانیا کۆکا کۆلا لەساڵی 1892 لە ئەمەریکا لەلایەن (ئاسا کاندلیر)ەوە دامەزراوە و لە 200 وڵاتی جیهان بەرهەمەکانی دەفرۆشێت و رۆژانە 1.7 ملیار کەس بەرهەمەکانی (کۆکا کۆلا) دەخۆنەوە، نزیکەی 140 هەزار کارمەندیشی لەسەرانسەری جیهاندا هەیە.
کۆمپانیای (پیپسی)ش لەساڵی 1902ەوە دامەزراوە و لە 196 وڵاتی جیهان بەرهەمەکانی دەفرۆشرێت و کارمەندەکانیشی بە دەیان هەزار کەس ئەژمار دەکرێت.

سبةى