تەنیایی و لاوازی و بێھێزی و بێ سۆزیی لەپیریدا ھۆکارێکن بۆ ئەوەی مرۆڤی بەتەمەن تووشی نەخۆشی خەمۆکی و دڵناسکی بێت.
بێگۆمان ھەموومان رۆژێک قۆناغی گەنجێتی تێپەر دەکەین و دەچینە دوایین قۆناغی ژیان کە قۆناغی پیرییە، ئەو قۆناغە بۆ ھەندێک لەمرۆڤەکان قۆناغێکی ناخۆشەو بێزارکەرە، بۆ ھەندێکیش قۆناغێکی ئاساییە لەژیانی مرۆڤداو بە ئامێزێکی کراوەوە پێشوازی لێدەکەن.
خانەنشینی و وازھێنان لەئیشوکارو نەبوونی ھێزو توانا لەتەمەنی پیریدا کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر تووشبوونی مرۆڤ بەخەمۆکی و ئەو نەخۆشییەش زۆرجار دەبێتە ھۆی ئەوەی کە کەسی تووشبوو ورەی خۆی لەدەستبدات و پێگەو پایەو پلەی کۆمەڵایەتی خۆی تاڕادەیەک دابەزێت و لەھەندێ شوێن و زەمەندا ھەست بەبەرپرسیارێتی نەکات.
ھۆکارەکانی تووشبوون بە خەمۆکی
تەنیایی: بەڕای پزیشکان و شارەزایانی دەروونی ئەو کەسانەی کە لەپیریدا تەنیا دەمێنەوەو لەسۆزی ھاوسەرو منداڵان بێبەری دەبن زیاتر تووشی خەمۆکی دەبن، لەئێستا دوو لەسەر سێ بەساڵاچووانی ئەڵمانیا تەنیان و تووشی خەمۆکی بوون، ئەوەی لێرەدا جێی مەترسییە بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان ٤٠% ئەو کەسانەی کە لەجیھاندا خۆیان دەکوژن تەمەنیان لەسەروی ٦٥ ساڵیداو زۆربەیان تەنیان و خەمۆکن .
نائومێدی: بێخەوی و زۆرجاریش خەوی زۆر، بێزاری، بێتاقەتی، گۆشەگیری، سەرئێشەو سنگ ئێشە، قەبزی، تێرنەخواردن، زۆرجاریش زۆرخواردن، لەدەستدانی مەیل و حەزو ھەست بەتایبەتی حەزی سێکسی، لەدەستدانی متمانەبەخۆ نەبوون، لەدەستدانی توانای بیرکردنەوەو بڕیاردان، گریان و فرمێسک رشتن، ھەست بەگوناە و تاوانکردن بەبێئەوەی ھیچ شتێکی کردبێت، بیرکردنەوەی لەخۆکوشتن و چەندین نیشانەیتر کە دەرخەری خەمۆکین بەدوای خۆیدا دەھێنێت.
ھۆکارەکانی خەمۆکی یەک و دووان نین ھەندێک لەھۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشییە جەستەییەکان و ھەندێکیان بۆ نارێکوپێکی ھۆرمۆنەکان و بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ بەکارھێنان دەرمان و حەب و چارەسەرەکان. ھەڵبەتە ھۆکاری کۆمەڵایەتیش کاریگەریی خۆی ھەیەو ئەوەش چۆنێتی ژیان و بنەماڵەو بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەکارھێنان ماددە کھولییەکان و توڕبوون و ھەرەسھێنان لەئیشوکارو ھاوسەریی و مردنی ئازیزان و کەسوکاری نزیک وەک باوک و دایک و براو خوشک و منداڵ، گۆڕینی شوێنی ژیان، لەشارێک بۆ شارێکی تر یان لەوڵاتێک بۆ وڵاتیتر ، نەزۆکی و خانەنشینی و …..ھتد.
چارەسەرکردنی خەمۆکی
* پرس وراوێژکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزان لەبارەی نەخۆشییەکە.
* وەزرش کردن.
* خۆ بە دوورگرتن لەجگەرەو ماددە کھولییەکان.
* سەیرکردنی فیلمی کۆمێدی و پێکەنیناوی.
* سەفەرکردن و سەیران کردن.
* بەشداریکردن لەکارە ھەرەوەرزییەکان.
* بەشداریکردن لەچالاکییە خێرخوازییەکان.
* خوێندنەوەی کتێب و رۆژنامەو گۆڤارەکان.

كوردستانى نوئ