بەمەبەستی ئاسانکاری و ناساندنی جوگرافیاو مێژوو و ئەدەب و موزیک و شوێنەوارە مێژووییەکان و برەودان بە پەیوەندییەکان و ھەروەھا گەشەسەندن و پەرەپێدان بەبواری گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان دا، کۆمپانیایەکی کوردی بۆ یەکەمجار رێبەرێکی ئاسمانی بۆ گەشتیاران و ئەو کەسانەی کە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن چاپ و بڵاودەکاتەوە.
کۆمپانیای (دوکان ئێر) دوای ٦ ساڵ چالاکی لە بواری گەشتوگوزاری ئاسمانیی بەمەبەستی ناساندن و خستنەڕووی کلتورو دابونەریت و پیشاندانی روخساری سروشتی کوردستان و بۆ ھاندانی گەشتیاری بیانی بۆ سەردانکردنیان بۆ ھەرێمی کوردستان، رێبەرێکی ناو فڕۆکە لە بواری گەشتوگوزاری چاپ و بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لانیکەم کەلێنێک لەو بوارەدا پڕبکاتەوە.
پاش رزگارکردنی عێراق و کرانەوەی ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکان دا، کۆمپانیای دوکان ئێر توانی گەشتەکانی نێوان ئەڵمانیا و عێراق – ھەرێمی کوردستان دەستپێبکات، ئەو کۆمپانیایە ماوەی ٦ ساڵە لەو بوارەدا سەرقاڵی چالاکییەو ئەوەش دەتوانێت یارمەتیدەری ھەرێمی کوردستان بێت لە ھەموو بوارەکان دا، بەتایبەتی لە بواری دروستکردنی پەیوەندی دەرەکی و گەشتوگوزاردا و زەمینەخۆشکەربێت بۆ ناساندنی زیاتری کوردستان بە جیھانی دەرەوە.
گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی (میونشن و دوسلدرۆف) و (ھەولێرو سلێمانی) ئەنجامدەدرێت و ھەفتانە چەندین گەشتی ئاسمانی ئەنجامدەدرێت و ھاوکاتیش گەشی ئاسمانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی سوید ھەر لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایەوە جێبەجێدەکرێت.
کۆمپانیای دوکان ئێر وێڕای دابینکردنی ھەموو خزمەتگوزارییەکان، خزمەتگوازییەکی تایبەتیش بۆ رۆژنامەنووسانی ھەرێمی کوردستان لە بەرچاوگرتووەو بەوپێیەش ھەر رۆژنامەنووسێکی کوردستان (سەر بەلقی سلێمانی سەندیکا بێت) ئەگەر بەنیازی گەشتکردن بۆ دەرەوە بێت ئەوا ئەو کۆمپانیا ٣٠% نرخەکانی دادەشکێنێت و ئەمەش ھاوکارییەکی باشە بۆ رۆژنامەنووسانی کوردستان.

كوردسات تيفى