توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه‌ كه‌ دیارده‌یه‌ك لای زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان هاتۆته‌ ئاراوه‌ كه‌ بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی زانیارییه‌كانیان و یاده‌وه‌رییه‌كانیان پشت به‌ ئینته‌رنێت ده‌به‌ستن. كۆمه‌ڵێك له‌ زاناو پسپۆڕانی ئه‌مه‌ریكی له‌زانكۆی كۆڵۆمبیا دوای توێژینه‌وه‌یه‌كی وردیان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ ئینته‌رنێت بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی بۆ زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان بۆ بیركه‌وتنه‌وه‌و ئه‌نباركردنی زانیاری و بیره‌وه‌رییه‌كانیان.
ئه‌لته‌رناتیڤی زانیارییه‌كان
ئه‌و پسپۆڕانه‌ وتیان خه‌ڵك زۆر پشتیان به‌ ئینته‌رنێت به‌ستووه‌و یه‌كه‌مین هه‌ڵبژارده‌یانه‌ بۆ وه‌لامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ وه‌لامه‌كانی نازانن. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن كه‌ بزووێنه‌ری گه‌ڕانه‌كان بۆته‌ ئه‌نباری ده‌ره‌كی زانیارییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌قڵی مرۆیی و خه‌ڵك ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانانه‌دا رادێن. دكتۆر (بیتسی سبارۆز) مامۆستا له‌زانكۆی كۆڵۆمبیا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌تیمی توێژینه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ ویستویه‌تی له‌ڕێگه‌ی توێژینه‌وه‌ له‌نموونه‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت كه‌ ئینته‌رنێت بۆته‌ یاده‌وه‌ریی ده‌ره‌كی و ئه‌لته‌رناتیڤێكی زانیارییه‌كان. ئه‌و خانمه‌ وتی: له‌گرنگترین تاقیكردنه‌وه‌كانمان ئه‌وه‌ بوو كه‌ كۆمه‌ڵێك زانیاریمان دا به‌ كه‌سانی به‌شداربووی ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌و ئه‌وه‌مان پێڕاگه‌یاندن كه‌ هه‌ندێكی له‌كۆمپیوته‌ره‌كاندا سه‌یڤ ده‌كرێت و ئه‌وانه‌ی تر ده‌سڕدرێنه‌وه‌، دواتر كه‌ پرسیارمان له‌به‌شداربووان كرد ئه‌وانه‌ی كه‌ زانییان ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌رده‌ستیان نییه‌، بۆیه‌ باشتر شته‌كانیان بیر ده‌هاته‌وه‌ له‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كانیان سه‌یڤیان كردبوو. ئه‌وانه‌شی كه‌ پێشبینییان كردبوو زانیارییه‌كان له‌ڕێی كۆمپیوته‌ره‌وه‌ بدۆزنه‌وه‌ باشتر بوون له‌بیركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسێیانه‌ی كه‌ زانیارییه‌كانیان تێدا سه‌یڤ كردبوو.
سندوقی یاده‌وه‌رییه‌كان
دكتۆر بیتسی سبارۆز ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ خه‌ڵك بۆ بیرهاتنه‌وه‌ی زانیاری و یاده‌وه‌رییه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان پشت به‌ ئینته‌رنێت و كۆمپیوته‌ر ده‌به‌ستێت. هه‌ربۆیه‌ لێره‌دا ئینته‌رنێت رۆڵی سندوقی ده‌ره‌كی یاده‌وه‌رییه‌كان ده‌بینێت. هه‌روه‌ك بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ به‌شدارانی توێژینه‌وه‌كه‌ خواستێكی باشیان هه‌یه‌ بۆ بیركه‌وتنه‌وه‌ی شوێنی سه‌یڤكردنی زانیارییه‌كان له‌باتی ئه‌وه‌ی خودی زانیارییه‌كانیان بیر بكه‌وێته‌وه‌. وتیشی ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ كه‌سه‌كان یاده‌وه‌رییان لاوازه‌، به‌ڵكو ئه‌و شته‌یان به‌شێكه‌ له‌دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بڕێكی زۆری زانیارییه‌كان.

كوردستانى نوئ