(ڤیزەی شنگن) ناونیشانی ئەو فیلمە سینەماییە كوردییە، كە هونەرمەندی دەرهێنەر (هەڵكەوت مستەفا)ـەوە بەرهەمی دێنێت.

ئەو فیلمە جیا لە هەموو كار و بەرهەمە سینەماییەكان، چیرۆكێكی كوردانە و وەرزشیی لەخۆ دەگرێت.

ئەو چیرۆكەیش لە كوردستانەوە دەست پێدەكات و هەر دوو یانە گەورەكەی جیهان و دوو یاریزانە ناودارەكەی ئێستای جیهانی تۆپی پێ، كە ئەوانیش بریتین لە (ڕیاڵ و بەرشە)ـو (مێسی و ڕۆناڵدۆ) بەشێكن لە هەوێنی فیلمەكە.

“هەولێر” ئەم دیمانەیەی لەگەڵ دەرهێنەری فیلمەكە كردووە.

*ناوەڕۆكی ئەو فیلمە سینەماییە لە چی پێك هاتووە و بۆچی ناوی (ڤیزەی شنگن)ـت بۆ داناوە؟
ــ چیرۆكی فیلمی سینەمایی (ڤیزەی شنگن) باس لە دوو لاوی كوردی كڵاشچنی ناوچەی هەورامان دەكات، كە دوو جووت كڵاشیان بە شێوەیەكی تایبەت بۆ (میسی و ڕۆناڵدۆ) دروست كردووە.

دوای ناردنی نامەیەك بانگهێشتێكیان لە لایەن هەردوو یانەوە بەدەست دەگات، تا سەردانی وڵاتی ئیسپانیا بكەن و ئەو دوو جووت كڵاشەیان پێشكەش بكەن، بەڵام بۆ ئەو گەشتە تووشی ململانێیەكی بەهێز دەبنەوە بۆ بەدەسهێنانی (ڤیزەی شنگن). ئەوەیە هۆكاری ناولێنانی فیلمەكە لە ژێر ئەو ناویشانە.

*بە گوێرەی چیرۆكی ئەو فیلمە هەر دوو یانەی (بەرشە و ڕیاڵ) لەگەڵ هەریەك لە یاریزانان (كریستانۆ و مێسی) بەشدارن، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیت كردووە بە هەر دوو یانە و یاریزانەكانەوە؟
ــ بەڵی ماوەی ساڵێك زیاترە لەگەڵ هەر دوو یانەی (بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید)لە پەیوەندی داین. لەگەڵ هەردوو یانە دانیشتووین و لە ڕێگەی (لیندا ستاین هۆف) وەك بەڕێوەبەری كارەكانی ئەو فیلمە لە ئەوروپا ئەو پەیوەندییە دروست بووە، هەروەها لە ڕێگەی (دابان شەدەڵە) نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یانەی (ڕیاڵ مەدرید) بە تایبەتی دانیشتوومە.

بەختەوەرانە هەر دوو یانەكە پشتكگیریی پڕۆژەكە دەكەن و ئامادەیی خۆیان نیشان داوە هاوكارمان بن.
*لە ئێستادا كارەكان گەیشتووەتە چ قۆناغێك؟
ــ هەنگاوی زۆر باشمان هاویشتووە لە ئیسپانیا. تەنیا ئەو كۆمپانیایەی كە یارییەكانی خولی ئیسپانیا بە ناوی كۆمپانیای (میدیا پۆردۆ)ـەوە، ئێمە پێویستمان بەوە هەیە ستافێكی (42) كەسی لە وێنەگر و كارمەندانی بەشی هونەریی فیلمەكە بچنە نێو یاریگاكەوە بە كامێرای خۆمان و بە كۆپتەر وێنەی یارییەكە بگرین، بەڵام ئەوان دەڵێن دەبێ وێنە ڤیدیۆكان لە ئێمە بكڕنەوە، ئەوەیش بۆ ئێمە ئەستەمە چونكە كارەكە گران دەوستێ و ئێمە خۆمان دەزانین چ جۆرە وێنەیەكی یارییەكەمان پێویستە.

*ئەی لەگەڵ یاریزانەكان (ڕۆناڵدۆ و میسی) دانیشتوویت، ئەوان ڕەزامەندیان نیشان داوە؟
ــ پەیوەندیكردن بە هەر دوو یاریزان (میسی و ڕۆناڵدۆ) زۆر ماندووی كردین. نزیكەی ساڵێكی خایاند، دڵیان بە پرۆژەكە خۆش بوو، ناوەڕۆكی چیرۆكەكەیان خوێندووەتەوە و بە دڵیان بووە. تاكە شتێك كە پێیان خۆش نییە ئەویش بەشداربوونی هەردووكیانە بە یەكەوە، لەوەیان تۆزێك دڵگرانن.

*بۆچی پێیان ناخۆشە بە یەكەوە بەشداری بن و گرفتیان لە كارئەكتەرەكانە؟ واتە دەمەوێ بپرسم ڕۆڵی یەكێك لە یەكێكیان باڵاترە و بەرچاوترە لە فیلمەكەدا؟
ــ نەخێر ڕۆڵی هەر دووكیان بە یەكەوە دەست پێ دەكات و ڕۆڵی هیچ كامێكیان لەوەی تر باڵاتر نییە، بەڵام ئەوان جگە لەوەی بە یەكەوە بەشدارن لە یەكێك لە دیمەنەكاندا بەیەكەوە لە ناو یەك ئوتومبیل دانیشتوون، ئەوەیان زۆر پێ ناخۆشە و قەبووڵیان نییە.

بۆ چارەسەری ئەو كارە پەیوەندییم كردووە بە كۆمپانیایەكی بەریتانییەوە بەناوی (فەیەك فەیس)، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو دیمەنەم بۆ بكەن، بە شێوەیەكی هونەریی جوان هەر دووكیان لەو ئۆتۆمبێلەدا دروستی بكەن، بۆ ئەو مەبەستە ڕەزامەندیی تەواویان داوە.

*باشە گرفتەكە لە لایەن (میسی و ڕۆناڵدۆ)ـیە یان یانەكانیانە؟
ــ لە لایەن یانەی (ریاڵ مەدرید)ـەوە زیاتر پێیان ناخۆش بوو، پێیان گوتم ئەگەر (كرسیتانۆ ڕۆناڵدۆ)ـش بڕیار بدات لەگەڵ (لوێنێل میسی) ئەو كارە بكات، ئێمەین بڕیار دەدەین نەك (رۆناڵدۆ). من لەو دانیشتنانە بۆم دەركەوتووە، ئەو دوو یاریزانە هەموو كارێكیان هەموو ژیانیان لە لایەن خودی یانەكانیانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، بە پێی سیستەمی یانەكانیان دەجووڵێنەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو بارودۆخێكدا دەكەن.

* بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە چەندی تێدەچێت؟
ــ تا ئێستا ئەوەی كە حیسابمان كردووە، بوجەی گشتیی بەرهەمهێنانەكەی، پێویستی بە (000 4470) چوار ملیۆن و چوار سەد و حەفتا هەزار دۆلارە. جگە لە خەرجی هەر دوو یاریزان (رۆناڵدۆ و مێسی)، تا ئێستاكە یەكلایی نەكراوەتەوە.

كۆمپانیای (فیلم هاوسی نەرویژی) بڕی (000 1000) یەك میلۆن دۆلاری داوە بۆ بەشداربوون لە بەرهەمهێنانیدا. كۆمپانیای (واید مانجمێنتی فەرەنسی) بۆ بڵاوكردنەوەكەی بڕی (000 1000) یەك ملیۆن دۆلار بەشدار بووە، لەگەڵ دەزگای بەرهەمهێنانی فیلمی (دەوحە تەربیكا)ـی لە قەتەر قسەمان كردووە، بەڵام ئەوان دەیانەوێ یەكەم ڕێوڕەسمی كردنەوەی فیلمەكە لە قەتەر بێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێ لە ئەورووپا بێت، بۆیە تا ئێستاكە ڕێك نەكەوتووین، بەشێكی پارەكە ماوە دابین بكرێت، كە هیوادارم ئەو بەشە لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە پاڵپشتیی لێ بكرێت.

*واتە لە كوردستان تا ئێستاكە هیچ پشتگیرییەكت بۆ فیلمەكە دروست نەبووە؟
ــ لە كوردستان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستاكە نەگەیشتووینەتە هیچ ئاكامێك.

لە ڕێگەی (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندەییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لە هەفتەی ڕابردوودا لە وڵاتی نەرویژەوە نامەیەكمان بۆ ناردوون، هیوادارم وەڵاممان بدەنەوە، چونكە ئەم فیلمە سینەماییە پەیامێكی گەورەی كوردستان دەگەیەنێتە هەموو سینەماكانی دنیا. پەیامێك دەگەیەنێتە هەموو جەماوەری (بەرشلۆنە و ڕیاڵ) لە ئیسپانیا و هەموو دنیا. لەگەڵ حكوومەتی عێراقیش لە پەیوەندی داین و ڕەنگە ئەوانیش بەشدار بن.

*ئەی بەشداربوونی هەر دوو یاریزان (رۆناڵدۆ و میسی) وەك ئەكتەرێكی سینەمایی داوای چەند پارەیان كردووە؟
ــ تا ئێستا نازانین، چونكە ئێمە زیاتر بابەتەكەمان لە ڕێگەیەكی مرۆڤانەوە باس كردووە، پێمان گوتوون ئێوە هەوادارێكی زۆرتان هەیە لە ناو كورددا، بە گشتی ئەو دوو یاریزانە ناكڕین و بە ئێمەیش هەر ناكردرێن.

*لە ئیسپانیا كە زانییان ئەو بابەتە لە كوردستان و لە كوردەوە سەرچاوی گرتووە، هیچ بۆچوونێك یا پێشنیارێكیان نەبوو بۆ ئەو بابەتە؟
ــ من ئەو بابەتەم كە هەڵبژاردووە باس لە دوو یانە و دوو یاریزان و دوو كەسایەتی دەكات، كە ئێستا هەموو جیهان چاویان بەسەریانەوەیە.

لە لای ئەوان بابەتێكی جوان بوو، هیچ بۆچوونێكی خراپیان نەبوو كە لە كوردەوە ئەو بابەتە سەرچاوەی گرتووە. بۆ زانیاریی خوێنەران ئێستا (200) كۆمپانیا شەڕیانە چۆنە ببن بە سپۆنسەری ئەو دوو یانەیە. من تا نەچووم نەمزانی (ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە) چین. هەر دوو یاریزان (مێسی و ڕۆناڵدۆ) ژیانێكی ئیپمراتۆرانە بەسەر دەبەن، ئەوە ڕاستییەكە.

*لە نێوان (بەرشە و ڕیاڵ)ـدا كامیان زیاتر ئاسانكارییان بۆ كردووی؟
ــ دوای ئەوەی یانەی (ریاڵ مەدرید) ئەو چوار قوتابخانەیەی لە هەولێر كردەوە، نوێنەریان هاتە كوردستان و هەر دوو ئەكتەرە كورتە باڵاكەیان بینی. سەفیری ئیسپانیا كڵاشی هەورامیی بە دیاری وەرگرت، بەڵێنی هاوكاری و ئاسانكاریی زۆری پێ داوین، ئەوە بۆخۆی پەیامێكی جوانیان هەڵگرتووە، زۆریان پێ خۆش بوو. دەتوانم بڵێم تا ئێستا لە لایەن (ریاڵ مەدرید)ـەوە ئاسانكاریی زیاتر بۆ ئەو پرۆژەیە كراوە. بە گشتی هەردوو لا بەشدارن و هاوكارن.

*بە پێی ئەو سیناریۆیەی بۆ ناوەڕۆكی فیلمەكە دانراوە ماوەی فیلمەكە چەندە و بە چ زمانێك بەرهەم دەهێندرێت؟
ــ ماوەی فیلمەكە بریتییە لە (100) خولەك و لەسەر ئاستی هۆلیوود بەرهەم دەهێندرێت، كۆمەڵێك كۆمپانیای ئەوروپی لە وێنەگرتن و مۆنتاژكردنەكەیدا بەشدار دەبن و پڕۆژەكە دەبێتە پڕۆژەیەكی هاوبەشی هەر یەك لە وڵاتانی (ئیسپانی، نەورویژی و فەرەنسی)، لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بڵاو دەكرێتەوە. بە زمانی كوردی بە شێوەیەكی سەرەكی بەرهەم دێت، زمانەكانی عەرەبی و ئینگلزی و ئیسپانییشی تێدایە.

*باست لەوە كرد دوو كورتەباڵا تێیدا بەشدار دەبن و ئەكتەری سەرەكین بۆچی ئەوانەت دەسنیشان كرد؟
ــ من ماوەی یەك ساڵە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەم و ماوەیەكی زۆر لەگەڵیان ڕۆژ ژیاوم، سەفەرم لەگەڵ كردوون لەگەڵیان لە ماڵەوەیان ژیاوم.

كورتەباڵاكان خاوەنی دنیایەكی زۆر تایبەت و جوانن. خەونی زۆر گەورەیان هەیە.

ئەو دوو كورتەباڵایەی من دەسنیشانم كردوون یەكێكیان بە ڕاستی هاندەری ڕیاڵە و ئەوەی دیكەیان هاندەری بەرشەیە.

ئەو دوو كورتەباڵایە دەتوانن سەرنجی هەموو دنیا ڕابكێشن و بە دوو كلاشی كوردییەوە، دوای نماییشكردنی ئەو فیلمە لە سینەماكانی جیهاندا دڵنیام كڵاشی هەورامی لە هەموو دنیا ڕەواجێكی زۆر گەورەی دەبێت بە تایبەتی دوای ئەوەی (میسی و ڕۆنالدۆ) لە پێی دەكەن.

*ئەی لۆكێشنی دیمەنەكانی فیلمەكە لە كوێ وێنەی دەگیرێت؟
ــ لە كوردستانەوە دیمەنەكان دەست پێدەكات، بەشێكی لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەبێت، بەشێكی زۆریشی لە وڵاتی ئیسپانیا وێنەی دەگیرێت.

*هیچ پێشنیارێكت نەكردووە ئەو دوو یاریزانە بێنە كوردستان؟
ــ من پێشنیاری ئەوەم كردووە و ئامانجی سەرەكیم ئەوەیە سەردانی كوردستان بكەن، بە تایبەتی لە كاتی مەراسیمی كردنەوەی فیلمەكەدا، یەكێك لەوانە ئامادە بن، بەڵام ئەوە كارێكی گەورەیە پێویستم بە پاڵپشتی حكوومەتی هەرێم و سیاسییەكانی كوردستان هەیە، چونكە ئەوە تەنیا فیلمێكی ئاسایی نییە بەڵكو ئەوە پەیامێكی زۆر گەورەیە هیوادارم ئەو پاڵپشتییە بە هەنگاوی شێلگیرانە(جیددی) ببینن و وەڵامی باشیان هەبێت

زاكرؤس تيفى