پزیشكه‌كان گه‌یشتنه‌ چاره‌سه‌رێكی‌ نوێ‌ بۆ ده‌والی‌ كه‌ ته‌نها یه‌ك سه‌عات كات ده‌خایه‌نێت و له‌ڕێی‌ قه‌سته‌ره‌یه‌كی‌ بچووكه‌ جۆرێكی‌ دیاریكراو كه‌تیره‌ ده‌كرێته‌ ئه‌و ده‌مارانه‌ی‌ تووشی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون.

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌تیره‌كه‌ ده‌كرێته‌ ئه‌و ده‌مارانه‌ی‌ تووشی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون، خوێنی‌ له‌شی‌ مرۆڤ له‌ڕێی‌ ده‌ماری‌ تره‌وه‌ جێگه‌ی‌ خۆی‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ماره‌ نه‌خۆشه‌كان ورده‌ورده‌ دیارنامێنن و به‌پێی‌ تاقیكردنه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش ئه‌نجامی‌ باشی‌ هه‌بووه‌.

رۆژنامه‌ی‌ ده‌یلی‌ ته‌له‌گراف بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر سێ‌ هاوڵاتی‌ به‌ریتانی‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌روو 65 ساڵه‌وه‌یه‌، یه‌كێكیان به‌ده‌ست ده‌والی‌ قاچیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن “شینبوونه‌وه‌ی‌ ده‌ماره‌كان و ئیلتیهابكردنییانه‌ و له‌ژێر پێسته‌وه‌ زۆر دیارده‌بن”، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش كاتێك رووده‌دات كه‌ خوێن له‌سه‌ره‌وه‌ فشار ده‌خاته‌سه‌ر دیواری‌ ده‌ماره‌ لاوازه‌كان، شاره‌زایان پێیانوایه‌ جینه‌كان رۆڵێكی‌ زۆریان له‌تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه‌ هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی‌ زانراوه‌ زۆربه‌ی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ كێشه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ مرۆڤه‌كان دروست ناكات به‌ڵام ناشرینه‌ و زۆربه‌ی‌ خه‌ڵك حه‌ز به‌ بوونی‌ ناكه‌ن.

پزیشكه‌ نه‌شته‌رگه‌ره‌كان به‌ بڕینی‌ ئه‌و ده‌ماره‌ و لابردنی‌ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش به‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ ده‌بێت و ره‌نگه‌ چاكبوونه‌وه‌ی‌ چه‌ند مانگێگ بخایه‌نێت.

چاره‌سه‌ره‌ نوێیه‌كان به‌ له‌یزه‌ر و شه‌پۆلی‌ موگناتیسی‌ بێ‌ سیم ده‌بێت كه‌ ده‌ماره‌كان گه‌رمده‌كرێن تا وایان لێیه‌ت خۆیان داده‌خرێن.

دكتۆر رۆدنی‌ رابی‌ له‌ كۆمپانیای‌ سافیۆنی‌ ئه‌مریكی كه‌ ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ی‌ داهێناوه‌ پێیوایه‌ به‌كارهێنانی‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌تیره‌یه‌ كه‌ ناونراوه‌ “فیناسیل” باشتره‌، چونكه‌ پێویست به‌ به‌كارهێنانی‌ بڕێكی‌ زۆر ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر ناكات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئازاری‌ نه‌خۆشه‌كه‌.

ئه‌م شێوازه‌ تازه‌یه‌ له‌سه‌ر 38 خۆبه‌خش تاقیكراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ دڵخۆشكه‌ره‌ و دوای‌ شه‌ش مانگ ته‌نها دوو كه‌سیان ده‌ماره‌كانیان كراوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا هێشتا له‌لایه‌ن زۆربه‌ی‌ ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ به‌ چاره‌سه‌رێكی‌ باش دانه‌نراوه‌.

xandan