لە ڕێی خزمەتگوزارییەکی نوێوە ئەتوانیت مۆبایلی منداڵەکەت لە دورەوە کۆنترۆڵ بکەیت

‌زۆر بە ئاسانی مۆبایلی مناڵەکەت بکوژێنەرەوە، هەرکاتێک بتەوێت و مناڵەکەشت لە هەر شوێنێکی سەر ڕوی زەمین بێت، بەم سیستەمی خزمەتگوزارییە ، یەکێك لە ئاواتەکانی دایك و باوکان دێتە دی .
‌کۆمپانیایەکی ئینگلتەرا بە ناوی( بێمیلۆ) خزمەتگوزارییەکی نوێی دەست پێکردوە، کە ئەو توانایە ئەدەن بە دایك و باوکان ، لە دوری مناڵەکانیانەوە کۆنتڕۆڵی تەواوی مۆبایلەکانیان بکەن، ئەمەش لە ڕێگایی سایتێکی ئینتەرنێتەوە ، کە مانگانە نزیکەی( ٣،٦٦ ) یۆرۆ کرێی ئەدەیت، ئەتوانیت بە ئاسانی هەموو کورتەنامەی ناو مۆبایلی مناڵەکانت بخوێنیتەوە کە بۆی هاتووە یان ناردبێتی ، هەروەها ژمارەی هەموو ئەو تەلەفونانەی کە بۆی کراوە یان کردوێتی ئەبینرێت و تۆمار ئەکرێت ، یان چاودێری ئەکەیت، کاتێك مناڵەکەت سەیری هەر سایتێکی ئینتەرنێت بکات ، ئەشتوانیت خۆت لە ڕێی ئەم بەرنامەیەوە ، مۆبایلی مناڵەکانت وا بەرنامە بکەیت کە مافی چی هەبێت سەیری بکات و هەندێ سایتی کە بەدڵت نیە بۆ مناڵەکەتی بە خراپ ئەزانیت ، ڕێگری لێ بکەیت ، هەر کاتێکیش بتەوێت ئەتوانیت مۆبایلەکەی بکۆژێنیتەوە بۆ ڕێگرتن لە بەکارهێنانی، ئەمەش بەتایبەتی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی مناڵانە لە تەمەنی ٨ ساڵی یەوە تا ١٦ ساڵی . لە ڕاستیدا ئەم سایتە خزمەتگوزاری یە بۆ ئەوە بیری لێ کراوەتەوە کە ڕێگری لە مناڵان بکات مۆبایل بۆ کاری خراپەکاری بەکار نەهێنرێت و کەسی پێ ناڕەحەت نەکات ،لەبەر ئەوەی هەندێ مناڵ لەم ووڵاتانە بۆ گاڵتە پێکردنی هاوڕێیانی خۆیان بەکاری ئەهێنن ،نەك وەك لای ئێمە گەورەکان ئەم کارەی پێ ئەکەن..
‌بەڵام پرسیارێک دێتە پێشەوە ، کە پێویستە بیری لێ بکرێتەوە ، ئایا لە ڕێی ئەم خزمەتگوزارییە ، نابێتە هۆی بریندارکردنی هەستی مناڵان و هەرزەکاران و ئاشکراکردنی نهێنیە تایبەت و کەسایەتییەکانی جیهانی مناڵ و هەرزەکاران، بۆ نمونە لە ووڵاتێکی وەک ئەڵمانیادا ، بەهۆی بونی یاسایەك بۆ پاراستنی مافی مناڵان و نهێنیە تایبەتی وکەسایەتیەکانی هەرزەکاران ، ببێتە هۆی قەدەغەکردنی بە کارهێنانی ئەم جۆرە خزمەتگوزاری یە.
‌بەڵام ئەوەی من بیری لێ ئەکەمەوە ، ئەم خزمەتگوزاری یە زۆر سود بەخش ئەبێت بۆ کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان ، بەڵام بەکارهێنانی نەك بۆ ڕێگرتن و کۆنتڕۆڵ کردنی مناڵان بەڵکو بۆ گەورەکان کە چیتر نەتوانن مۆبایل بەکار بهێنن بۆ کاری بێزەوەر و گاڵتەجاڕی و بریندارکردنی هەستی کچان و ژنانی کۆمەڵگا . کە بەهۆی ئەم کارە ناشرینانەوە چەندین خێزان و هاوسەرگیر هەڵوەشاندۆتەوە ، بۆتە کوشتنی چەندین کچانی کورد ، تاوانبارانیش ڕزگاریان بووە ، من لەو بڕوایەدام خزمەتێکی گەورەی کۆمەڵگاکەمان ئەکات بە گەورە و بچوکەوە ، کۆمەڵگاش ڕزگاری ئەبێت لەو دابو نەریتە چەوتەی کە بە هۆی کەمی هۆشیاری و ڕۆشنبیرییەوە تەشەنەی سەندووە و بۆتە کارێکی ڕۆژانە ، بۆیە من گەر خاوەنی کۆمپانیاکانی مۆبایلی کوردستان (بە تایبەتی ئاسیا و کۆڕەك) بومایە بە زوترین کات ئەم خزمەتگوزارییەم پێش کەش ئەکرد بۆ ئاشکرا کردنی کەسانی تاوانبار و ناڕۆشنبیران و ڕەوشت چەوتەکان ،ڕیگرتن لە کاری نابەجێ ،هیوادارم گوێم لێ بگرن و سود لەم خزمەتگوزارییە ببینن .

سەرچاوە

زانست
‌ڕۆژنامەی ڕۆژانەی ئەڵمانی
‌Bild Zeitung