رۆژ به‌رۆژ ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ زیاد ده‌كات كه‌ له‌گرنگی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ش تێده‌گه‌ن، له‌به‌رامبه‌ریشدا ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ زیاد ده‌كات كه‌ گیرۆده‌ی‌ قه‌ڵه‌وی‌‌و زیادبوونی‌ كێش ده‌بنه‌وه‌، به‌پێی‌ نوێترین توێژینه‌وه‌ش ئێستا تێكرای‌ ته‌مه‌نی‌ مرۆڤ به‌رێژه‌ی‌ چوار كیلۆگرام زیادی‌ كردووه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ‌ ده‌ساڵی‌ رابردوودا، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هۆشیاری‌ خه‌ڵك له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامدایه‌.

توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ شێوازی‌ ته‌مه‌ڵی‌ له‌ژیانی‌ مرۆڤدا بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ زیادبوونی‌ كێش، ئه‌و ئامێرانه‌ی‌ ئێستا هه‌ن هه‌موو ئه‌ركێكیان له‌كۆڵی‌ مرۆڤ كردووه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌سانسۆرو ئامێری‌ كۆمپیوته‌رو ریمۆت كۆنترۆڵ‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ واده‌كه‌ن مرۆڤ به‌بێ ماندووبوون كاره‌كانی‌ رابپه‌ڕێنێت‌و كه‌مترین وزه‌ سه‌رف بكات، ئێستا له‌كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌ژین كه‌ پڕه‌ له‌و خواردنانه‌ی‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ قه‌ڵه‌وكردنی‌ مرۆڤ، ئێستا ئێمه‌ زۆر كه‌متر له‌باوو باپیرانمان وزه‌ سه‌رف ده‌كه‌ین.
ئێمه‌ رۆژانه‌ بڕێكی‌ زۆرتر خواردن ده‌خۆین‌و كه‌متر ده‌جوڵێین، ئۆتۆمبێله‌كانی‌ خۆمان‌و پاس هه‌موو رێگاكانی‌ بۆ كورت كردوینه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا چوار رێگا هه‌ن كه‌هاوكاری‌ مرۆڤ ده‌كه‌ن بۆ دابه‌زینی‌ كێش.

یه‌كه‌م: پارێز
زۆربه‌ی‌ كات ئه‌م رێگایه‌ شكست ده‌هێنێت، چونكه‌ له‌سه‌دا هه‌شتاو نۆی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئه‌م رێگایه‌ ده‌گرنه‌به‌ر، له‌كۆتایدا هه‌مان كێشی‌ جارانیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، گرنگی‌ له‌دابه‌زینی‌ كێش نییه‌، به‌ڵكو له‌وەدایه‌ بتوانیت پارێزگاری‌ له‌هه‌مان كێش بكه‌یت، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا پارێز چاره‌سه‌رێكی‌ كورت خایه‌نه‌، زۆربه‌ی‌ مرۆڤه‌كان پاش ئه‌وه‌ی‌ ده‌گه‌نه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی‌ مه‌به‌ستیانه‌، سه‌ر له‌نوێ‌ ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌خواردنی‌ زۆرو كێشیان ده‌گاته‌وه‌ ئاستی‌ جاران.

دووه‌م: راهێنانی‌ وه‌رزشی‌
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ هه‌ندێ‌ كه‌س به‌چاره‌سه‌رێكی‌ زۆر قورس ده‌زانرێت، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی‌ ئێجگار گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ دابه‌زینی‌ كێش، زۆربه‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ راهێنانه‌ وه‌رزشییه‌كان له‌سه‌ره‌تاوه‌و له‌ماوه‌ی‌ دوانزه‌ بۆ هه‌ژده‌ هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌مدا له‌سه‌دا دووی‌ چه‌وری‌ له‌ش كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ده‌بێت ئارام بگرین‌و په‌له‌ نه‌كه‌ین، چونكه‌ ئه‌نجامه‌كان كاتیان ده‌وێت.

سێهه‌م: پارێزو راهێنان:
ئه‌مه‌یان باشترین‌و سه‌ركه‌وتووترین رێگایه‌ بۆ نه‌هێشتنی‌ چه‌وری‌ له‌ش، ئه‌گه‌ر بتوانیت پابه‌ند ببیت به‌به‌رنامه‌یه‌كی‌ رێك‌و پێكی‌ پارێزو له‌كاتی‌ خۆیاندا راهێنانه‌ وه‌رزشییه‌كان بكه‌یت، دڵنیابه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌نجامێكی‌ زۆر گرنگت ده‌ست ده‌كه‌وێت.

نه‌شته‌رگه‌ری‌:
ئه‌مه‌ دواترین رێگایه‌ له‌دابه‌زینی‌ كێشداو پسپۆڕان رێنمایی‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر هیچ یه‌كێك له‌چاره‌سه‌ره‌كانی‌ تر ئه‌نجامی‌ نه‌بوو، دوای‌ هه‌موویان په‌نا ببه‌ره‌ به‌ر نه‌شته‌رگه‌ری‌ لێكردنه‌وه‌ی‌ چه‌وری‌ له‌ش، چونكه‌ ئه‌م رێگایه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ تێچوونی‌ زۆره‌، هه‌مان كات مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ ئاگاداری‌ خواردنی‌ خۆی‌ نه‌بێت به‌ره‌ به‌ره‌ بچێته‌وه‌ دۆخی‌ جارانی‌.
بۆیه‌ شاره‌زایان رێنمایی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رۆژانه‌ ماوه‌ی‌ بیست بۆ شه‌ست خوله‌ك راهێنان بكه‌یت، ئه‌مه‌ش له‌هه‌فته‌یه‌كدا پێنج تا حه‌وت رۆژ ئه‌نجامی‌ بده‌یت، ئه‌وجا به‌ئاسانی‌ ئه‌نجامه‌كه‌یت ده‌ست ده‌كه‌وێت‌و هه‌ست به‌دابه‌زینی‌ كێشت ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر كه‌سێكیشیت تازه‌ ده‌ستت داوه‌ته‌ راهێنانی‌ وه‌رزشی‌، ده‌بێت بۆ ماوه‌ی‌ دوو مانگ هێدی‌ هێدی‌ راهێنانه‌كان بكه‌یت، تا ئه‌گه‌یته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ توانای‌ به‌رده‌وامی‌‌و درێژخایه‌نیت هه‌بێت.
ئه‌وه‌ش بزانه‌ راهێنانه‌كانی‌ وه‌ك پیاسه‌و راكردن‌و سواربوونی‌ پاسكیل‌و مه‌له‌كردن‌و راهێنانه‌ هه‌واییه‌كان ئێجگار كاریگه‌رن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بتوانیت به‌رده‌وام بیت‌و به‌زوویی‌ دانه‌بڕێت، هه‌روه‌ها راهێنانه‌كانی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ قورسایی‌‌و به‌كارهێنانی‌ ئامێری‌ تایبه‌ت گرنگن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ چه‌وری‌ زیاتر، ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌شتدا ته‌نها ئه‌و راهێنانه‌ی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ قورسایی‌ بكه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌توانه‌وه‌ی‌ چه‌وری‌ له‌چه‌ند جێگه‌یه‌كی‌ له‌شدا.
ژه‌مه‌كانی‌ خۆراكت دابه‌ش بكه‌ بۆ پێنج ژه‌می‌ كه‌م، له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ خواردنه‌وه‌ی‌ ئاوت بیر نه‌چێت، رۆژانه‌ بڕێكی‌ زۆر ئاو بخۆره‌وه‌، چونكه‌ كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌.

ئاويزه