منداڵ‌ ناتوانێت له‌رێی‌ وشه‌وه‌ باسی‌ هه‌ست‌و سۆزی‌ خۆی‌ بكات، بۆیه‌ زۆرجار په‌نا ده‌باته‌ به‌ر گریان‌و توڕه‌بوون‌و پێكه‌نین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌سته‌ ده‌رببڕن كه‌ له‌ناخیاندایه‌، شاره‌زایانیش ئه‌وه‌ باس ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ی‌ منداڵ‌ زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ خاوه‌نی‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی‌ ته‌ندروست‌و به‌باشی‌ گه‌شه‌ بكات.

ئێمه‌ هه‌ر له‌منداڵیمانه‌وه‌ هه‌ست به‌توڕه‌بوون‌و ترس‌و دڵخۆشی‌‌و گه‌رموگوڕی‌ ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ هه‌ست‌و سۆزی‌ ئێمه‌یه‌، بۆیه‌ كه‌سانی‌ شاره‌زا له‌بواری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ منداڵ‌‌و پزیشكه‌كانیش رێنمای‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و ترس‌و توڕه‌ییه‌ی‌ منداڵه‌كه‌ت قبوڵ‌ بێت‌و هانی‌ بده‌یت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ری ببڕێت.

دڵخۆشی‌
دایكه‌ سه‌یركه‌ ئه‌ها چه‌ند جوانم! ئه‌مه‌ ئه‌و دڵخۆشییه‌یه‌ كه‌ منداڵه‌كه‌ت له‌كاتی‌ له‌به‌ركردنی‌ پانتۆڵێك یان عه‌زییه‌كی‌ تازه‌ ده‌ری‌ ده‌بڕێت‌و پێی‌ خۆشه‌ دایكیشی‌ به‌هه‌مان شێوه‌ دڵی‌ خۆش بێت، بۆیه‌ له‌م كاته‌دا له‌سه‌ر دایك پێویسته‌ هانی‌ كچه‌كه‌ی‌ بدات‌و هه‌مان هه‌ست ده‌رببڕێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت گاڵته‌ی‌ پێبكات یان ره‌خنه‌ی‌ لێبگرێت، هه‌موو كاتێكیش كه‌ منداڵ‌ كارێكی‌ باش ده‌كات‌و ده‌زانێ‌ به‌و شێوه‌یه‌یه‌ كه‌ دایك‌و باوكی‌ پێیان خۆشه‌، ئه‌وا حه‌ز ده‌كات ده‌ریببڕێت‌و ئه‌وه‌یان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ كارێكی‌ كردووه‌ به‌دڵی‌ ئه‌وانه‌.
مافی‌ منداڵه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێت هه‌ستی‌ دڵخۆشی‌ خۆی‌ ده‌رببڕێت، ناكرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دایك‌و باوك رێی‌ لێبگرن‌و به‌زۆر بیانه‌وێت ئه‌و هه‌سته‌ی‌ بشارنه‌وه‌، هێشتا كاتی‌ زۆر ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ فێرببێت دڵخۆشییه‌كانی‌ بۆخۆی‌ هه‌ڵگرێت یان له‌شوێنی‌ گونجاودا ده‌ریببڕێت‌و سه‌رنجی‌ كه‌سانی‌ تر به‌لای‌ خۆیدا رانه‌كێشێت، ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر تۆیه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو كاتێك كه‌ منداڵه‌كه‌ت دڵخۆش بوو زیاتر هانی‌ بده‌یت، به‌ڵام هه‌وڵبده‌ ورده‌ ورده‌ فێری‌ بكه‌یت ئه‌و هه‌سته‌ی‌ رێكبخات، له‌كاتێكدا هه‌ستت كرد ئه‌و هه‌سته‌ گه‌رموگوڕییه‌كی‌ زۆر ده‌دات به‌منداڵه‌كه‌ت‌و به‌رنامه‌ی‌ ژیانی‌ تێك ده‌دات، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ كه‌م خه‌وی‌، ئه‌و كاتانه‌ هه‌وڵی‌ له‌گه‌ڵ‌ بده‌ ده‌ربڕینی‌ خۆشییه‌كه‌ی‌ بۆ كاتێكی‌ تر دوابخات.

خه‌فه‌ت‌و بێزاری‌
ئه‌وه‌ چییه‌ سه‌گه‌كه‌ت مردووه‌؟ یان ئه‌وه‌ چییه‌ بوكه‌كه‌ت شكاوه‌؟ هیچ خه‌فه‌ت مه‌خۆو مه‌گری‌ ئه‌وه‌ی‌ پێ ناوێ‌! ئه‌مه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ جار له‌دایكانه‌وه‌ ده‌بیسترێت‌و ده‌یانه‌وێ‌ به‌و هۆیه‌وه‌ دڵی‌ منداڵه‌كه‌یان بده‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بزانه‌ ئه‌مه‌ رێگه‌یه‌كی‌ سه‌ركه‌وتوو نییه‌، چونكه‌ گریان‌و هه‌ستكردن به‌خه‌فه‌ت‌و بێزاری‌ رێگایه‌كی‌ نموونه‌ییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ منداڵه‌كه‌ت هه‌سته‌كانی‌ خۆی‌ بخاته‌روو، پاش ئه‌وه‌ش فێرده‌بێت ئه‌و په‌ڕیه‌ هه‌ڵباته‌وه‌و بچێته‌ قۆناغێكی‌ تره‌وه‌.
ئه‌وه‌ بزانه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ بۆ منداڵ‌ بتوانێت هه‌ستی‌ گریان‌و خه‌فه‌ت‌و بێزاری‌ له‌ناخی‌ خۆیدا بهێڵێته‌وه‌و ده‌ری نه‌بڕێت، بۆیه‌ باشتره‌ له‌و كاتانه‌دا هانی‌ بده‌یت ئه‌و هه‌سته‌ نه‌شارێته‌وه‌، هه‌ندێ‌ له‌كه‌سوكاره‌كان ده‌ڵێن نایانه‌وێت منداڵه‌كه‌یان ئازار بچێژێ‌ بۆیه‌ له‌كاتی‌ خه‌فه‌ته‌ گه‌وره‌كه‌ندا بۆ له‌ده‌ستدانی‌ شتێك داوایان لێده‌كه‌ن نه‌گرین، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ راسته‌، چونكه‌ كه‌ منداڵ شتێكی‌ گه‌وره‌ له‌ده‌ست ده‌دات پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ له‌رێی‌ گریانه‌وه‌ كه‌مێك له‌ئازاره‌كانی‌ كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ فێری‌ منداڵه‌كه‌ت بكه‌ كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ خۆشییه‌كان، ناخۆشییه‌كانیش قبوڵ‌ بكات‌و تێی‌ بگه‌ێنه‌ كه‌ ژیان پڕه‌ له‌ناخۆشی‌.

ترس
منداڵ‌ به‌ته‌نها ناتوانێت به‌سه‌ر ترسه‌كانیدا زاڵ‌ ببێت، هه‌ستی‌ ترسان له‌لای‌ منداڵ‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ژینگه‌ی‌ ده‌ورووبه‌ریه‌وه‌ هه‌یه‌و كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ده‌توانن ورده‌ ورده‌ ترسی‌ له‌لا بڕه‌وێننه‌وه‌و ئه‌وه‌ی‌ تێبگه‌ێنن كه‌ هه‌موو كه‌سێك مافی‌ خۆیه‌تی‌ بترسێت‌و پێویسته‌ بشترسێت، به‌ڵام نابێت ئه‌و ترسه‌ به‌جۆرێك ته‌شه‌نه‌ بكات كه‌ ژیانی‌ لێ‌ تێك بدات، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ت وتی‌ دایكه‌ وه‌حشێكی‌ گه‌وره‌ له‌ژووره‌كه‌ماندایه‌، گوێی‌ لێبگره‌و هه‌وڵبده‌ دڵنه‌وایی‌ بده‌یته‌وه‌ له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ گاڵته‌ی‌ پێبكه‌یت، ترسان له‌لای‌ منداڵ‌ به‌به‌رده‌وامی‌ بوونی‌ هه‌یه‌، هه‌رگیز یاری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌كه‌ كه‌ گوایه‌ پێكه‌وه‌ وه‌حشه‌كه‌ له‌ژووره‌كه‌ ده‌رده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌مه‌ ترسه‌كه‌ی‌ زیاد ده‌كات‌و دڵنیای‌ ده‌كات له‌وه‌ی‌ به‌ڵێ‌ وه‌حشێك له‌ژووره‌كه‌یدا هه‌بووه‌، له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ په‌رده‌ی‌ ژووره‌كـــــه‌ لاببه‌و گڵۆپه‌كان دابگیرسێنه‌و سه‌یری‌ ناو كانتۆرو ژێر شته‌ شاراوه‌كان بكه‌و دڵنیای‌ بكه‌ره‌وه‌ كه‌ هیچ شتێكی‌ نائاسایی‌ بوونی‌ نییه‌، هه‌میشه‌ تێی‌ بگه‌ێنه‌ كه‌ تۆ خۆشت ده‌وێت‌و هه‌موو كاتێك ئاماده‌ی‌ پارێزگاریی‌ لێبكه‌یت.

توڕه‌یی‌
له‌سه‌ره‌تاوه‌ كه‌ منداڵ‌ توڕه‌ ده‌بێت زیاده‌ڕه‌وی‌ به‌و هه‌سته‌یه‌وه‌ ده‌كات، بۆ نموونه‌ كه‌ پێی‌ ده‌ڵێیت ناهێڵم له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ماڵه‌كه‌ سواری‌ پایسكیل ببیت، زۆر توڕه‌ ده‌بێت‌و خۆی‌ ده‌كێشێت به‌زه‌ویداو هاوار ده‌كات، ئه‌گه‌ر یه‌كسه‌ر له‌سه‌ر ئه‌مه‌ سزاتدا ئه‌وا ئه‌و توڕه‌ییه‌ی‌ زیاتر ده‌كه‌یت، له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ فێری‌ بكه‌ كه‌ هێور ببێته‌وه‌و به‌و شێوه‌یه‌ توڕه‌یی‌ ده‌رنه‌بڕێت، هه‌رگیز مه‌هێڵه‌ توڕه‌بوونــــه‌كه‌ی‌ كارێكت پێبكات كه‌ هه‌ڵه‌یه‌، بۆ نموونــــــــه‌ ده‌كرێت كه‌ ته‌واوبوو له‌گریانه‌كه‌ی‌ به‌ده‌نگێكی‌ ئارام پێی‌ بڵێیت: راسته‌ تۆ توڕه‌بوویت‌و زۆر گریایت، به‌ڵام ئه‌مه‌ وا له‌من ناكات رای‌ خــــۆم بگۆڕم‌و سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ نابێت به‌پایسكیله‌كه‌وه‌ بچیته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئاويزة