چه‌ند زانایه‌كی بواری ده‌روونی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستیان له‌باره‌ی چۆنیه‌تی هه‌سته‌كانی ئافره‌تان له‌كاتی كێشه‌و گرفته‌كانیان ئه‌نجامداوه و به‌چه‌ند خاڵێكیش چاره‌سه‌رییه‌كانی ده‌خه‌نه‌ڕوو.

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌‌ زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و ئافره‌تانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 20 بۆ 40 ساڵیدایه‌ و كێشه‌ی ته‌نیایی و سۆزدارییان هه‌یه.

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ داوا له‌ ئافره‌تان ده‌كات كه‌ ره‌چاوی ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ن و وه‌ك ئامۆژگارییه‌ك سوودی لێوه‌رگرن.

1ـ كەسایەتی خۆتان لا پەسەند بێ:
لەوانەیە پێتانوابێت ئەگەر خۆتان لەگەڵ بارودۆخی هنووكەیتان بگونجێنن لە جیاتی ئەوەی بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن بۆ دواووە دەگەڕێنەوە، بەڵام وانییە ئەگەر ئێوە مۆراڵ و ڕەوشتەكانی خۆتان وەخۆبگرن و قبووڵی بكەن، هەستی بڕوا بە خۆبوونتان بەرزتر دەبێت و شادتر دەبن. واتە دەتوانن لە تەنیاییشدا چێژ وەربگرن، كاتێك تەنیان لە جیاتی بێكاری و دانیشتن ئەو كارانە ئەنجامبدەن كە زیاتر چێژی لێ وەردەگرن. وەك ئارایشكردن و گوێگرتن لە مۆسیقایەكی ئارامبەخش یان هەر كارێكی دیكە كە شادیتان پێ دەبەخشێت.

2ـ ئێستا بیر لە چ شتێك دەكەنەوە؟ واز لە بیرۆكە نەرێنییەكان بهێنن.
ئەو كاتانەی تەنیان و كارێكی واتان نییە كە ئەنجامی بدەن بیرۆكە ناخۆش و نەرێنییەكان هێرشتان بۆ دەهێنن. بیرۆكەگەلێكی وەك ئەوەی كە بە رادەی پێویست باش و سەركەوتوو و جوان نین و بۆیەش ژیانێكی كۆمەڵایەتی باشتان نییە و ناتوانن لەگەڵ كەسانی دیكەدا پێوەندیی دروست بكەن. ئەو جۆرە بیرۆكانە ڕێگە لە پێشكەوتنی ئێوە دەگرن ئەو كاتەی پێتانوایە ئەو بارودۆخە جێگیرە و ناتوانن بیگۆڕن، یەكسەر كۆتایی پێ بهێنن. بیر لەشتی باش و پۆزەتیڤ بكەنەوە، بە خۆتان بڵێن ئێوە خەریكی گۆڕانن و بەو زووانە لەگەڵ كەسانێكی دیكە ئاشنا دەبن.

3ـ زمانی جەستە دەربڕی هەموو شتێكە:
كاتێك لە ژیانی خۆتان ڕازی نین و هەست بە ناڕاحەتی دەكەن جووڵە و حاڵەتەكانی جەستەتان هەموو شتێك ئاشكرا دەكات و ئەوەش وا دەكات دەورووبەرەكانتان و كەسانی دیكە لە ئێوە دووربكەونەوە، لە ئەنجامدا تەنیاتر دەبن. بۆ ڕێگەگرتن لەو بارودۆخە لە ئاوێنەیەكدا جووڵە و حاڵەتەكانی جەستەی خۆتان تاوتوێ بكەن. شان و پشتی خۆتان ڕاست بكەن و پشتتان كووڕ نەكەن و بە بڕوابەخۆبوونەوە هەنگاو بنێن.

4ـ هەوڵبدەن سەركەوتنی زیاتر بەدەست بهێنن:
كاتێك بۆچوونتانوایه‌ هەستی بڕوابەخۆبوونتان خەریكی بەرزبوونەوەیە، هەوڵبدەن پێوەندی زیاتر لەگەڵ كەسانی دیكە دروست بكەن و سەركەوتنی زیاتر بەدەست بهێنن. پاش ڕاهاتنتان لەسەر هەواڵپرسین و چۆنی و چاكی هاوكارەكانتان داوایان لێ بكەن پێكەوە چای یان قاوەیەك بخۆنەوە و زیاتر یەكتر بناسن. ئێوە خەریكی تێپەڕبوون لە ژیانێكی پاسیڤ و ناچالاك بۆ ژیانێكی شاد و پڕ لە جووڵەن.

5ـ لەگەڵ كەسانی دیكەدا زوو پێوەندیی دروست بكەن:
ئەگەر زوو فریای ئەو هەستەی خۆتان نەكەون، پاش ماوەیەك خووی پێوەدەگرن و ئەو بارودۆخە بۆتان دەبێتە حاڵەتێكی ئاسایی و تەنانەت چێژبەخشیش، چونكە مرۆڤ بە پێڕۆكردنی ڕەوتێكی ڕۆژانەی جێگیر هەست بە ئاسایشی زیاتر دەكات، بۆیە باشتر زوو دەست بەكارببن و واز لەو حاڵەتانە بهێنن و لەگەڵ كەسانی دیكەدا پێوەندیی دروست بكەن. تەنانەت ئەو كاتەی لە سوپەرماركێت شت دەكڕن قسە لەگەڵ كڕیارەكانی دیكە یان فرۆشیارەكان بكەن و فێربن چۆن لەكات و سات كەمەكانیش بۆ پێوەندیكردن لەگەڵ كەسانی دیكەدا سوود وەربگرن.

6ـ لەگەڵ كەسانێك ببنە هاوڕێ كە خاڵی هاوبەشتان لەگەڵیاندا هەبێت:
بۆ ئاشنابوون و هاورێیه‌تی لەگەڵ كەسانێك كە خووەكانیان لە ئێوە نزیكە بڕۆنە ئەو شوێنانەی كە خۆتان زیاتر حەز دەكەن. بۆ نموونە ئەگەر حەزتان لە وەرزشكردنە دەتوانن خۆتان لە یانەیەكی وەرزشی ناونووس كەن و لەگەڵ ئەوانەی لەوێن ببنە هاوڕێ. یان ئەگەر حەزتان لە فێربوونی زمانی نوێیە لەو خولانەدا بەشداربن كە بۆ بەهێزكردنی زمانە و هاوڕێی نوێ بدۆزنەوە.

7ـ واز لەو خووە مەهێنن:
بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بڕوابەخۆبوونتان هەر هەفتە و كارێكی نوێ ئەنجام بدەن یان بڕۆنە شوێنێكی تازە و لەگەڵ كەسانی دیكەدا ڕووبەڕوو ببنەوە. ئەگەر لە كاتی ئەنجامدانی ئەو حەوت قۆناغە هەستتان بە بێتاقەتی و لاوازی كرد بێ هیوا و نائومێد مەبن و بۆ دواووە نەگەڕێنەوە. هەرچەندە زیاتر لەو بوارانەدا چالاك بن ژیانتان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو باشتربوون دەڕوات.

دةباشان