تا ئێستا (ئه‌ڵماس) وه‌ك به‌نرخترین گه‌وهه‌ر ناسراوه‌و هه‌مووان وه‌ك جوانترین خشڵی سه‌ر رووی زه‌وی باسی ده‌که‌ین‌، به‌ڵام له‌توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێدا ده‌ركه‌وتووه‌ «ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ گرانبه‌هایه‌ ده‌كرێت ببێته‌ پاكژكه‌ره‌وه‌یه‌كی بێهاوتای جلوبه‌رگیش».
په‌ڵه‌لابه‌رێكی باشه‌
ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌ی چه‌ند زانایه‌كی به‌ریتانی ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه‌، كه‌ بڕێكی زۆر كه‌می ئه‌ڵماس ده‌توانێت بكرێته‌ ماده‌یه‌كی پێكهێنه‌ری ئه‌و تایت و مادانه‌ی كه‌ بۆ لابردنی په‌ڵه‌ی جلوبه‌رگ به‌كارده‌هێنرێن، چونكه‌ به‌پێی وته‌ی ئه‌و زانایانه‌ «بڕێكی زۆر كه‌می ئه‌ڵماس ده‌توانێت ببێته‌ باشترین په‌ڵه‌لابه‌ری جلوبه‌رگه‌كان له‌ئاوێكدا كه‌ پله‌ی گه‌رمییه‌كه‌ی ته‌نها (15) پله‌ی سه‌دی بێت».
له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا
بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌ش زاناکان چه‌ند ده‌نكۆڵه‌یه‌كی (نانۆ)ی ئه‌ڵماسیان كردۆته‌ ناو پاوده‌ره‌كانی به‌رگ شتنه‌وه‌و دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ بڕێكی زۆری چه‌وری و په‌ڵه‌ی ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ پاكبوونه‌ته‌وه‌و نه‌ماون. به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی (ده‌یلی مه‌یل)ی به‌ریتانیش «ئه‌گه‌ر ئه‌و نانۆیانه‌ی ئه‌ڵماس به‌مشێوه‌یه‌ كاریگه‌ر بن، دوورنییه‌ له‌داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا هه‌موو كۆمپانیاكانی دروستكه‌ری پاوده‌ری جلوبه‌رگ شتن بیر له‌به‌كارهێنانی نانۆی ئه‌ڵماس بكه‌نه‌وه‌ بۆ زیاتر بره‌ودان به‌ به‌رهه‌مه‌كانیان، به‌وه‌ش خانمان بێجگه‌ له‌خۆڕازاندنه‌وه‌ ده‌توانن به‌هۆی ئه‌و ده‌نكۆڵه‌ ئه‌ڵماسییانه‌وه‌ جلوبه‌رگی خۆیان و خێزانه‌كانیشیان جوانترو دره‌وشاوه‌تر بكه‌ن.

كوروستانى نوئ

Advertisements