ئەو شەپۆلە گەرماییەی ڕۆژ کە ڕوو ئەکاتە زەوی پێکهاتووە لە چەندین ملیاردی  پارچۆکەی زۆر بچوکی بارگاوی کراوی ئەلکترۆنی ، کە بە خێرایی چەندین ملیۆن کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە گەردووندا تێ ئەپەڕێت ، زۆربەی ئەم گەردەلولانەی ڕۆژ ڕوو لە زەوی ئەکات .   لە مانگی ١ و ٣ ی ئەم ساڵدا زۆرترین شەپۆلی ئەم گەرمایە کە لەسەر ڕۆژ زۆر چالاکە لە ماوەی چەندین ساڵدا، بەر زەوی کەوتوون، بەڵام خۆشبەختانە زەوی خاوەنی چینێکی بەهێزی بەرهەڵستکاری موگناتیسی زەوی یە ، کە ئەمانپارێزێت لەم جۆرە تیشکە زیانبەخشانە ، کە ئەم چینە بە درێژایی ٦٠ هەزار کیلۆمەتر بە ناو گەردوندا درێژ بۆتەوە و وەک قەلغانێك  وایە بۆ پارێزگاری لە زەوی . ئەم چینە موگناتیسیە ڕێگری لە ڕەشەبا و گەردەلولی گەرمایی ڕۆژ ئەگرێت و ڕێڕەوەکەی ئەگۆڕێت و لە زەوی دوری ئەخاتەوە،بۆیە زۆربەی کات هەست بەم تۆفانە ترسناکانەی ڕۆژ  ناکرێت لەسەر زەوی  .
ترس و زیان گەیندن لە مرۆڤ و تەکنیک:
‌بەداخەوە کاتێك کە لە سەر ڕۆژ ، گەردەلول و تۆفانێکی زۆر بە هێز ڕوئەدات وەك چاوەڕوان ئەکرێت لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢  بگاتە سەر زەوی  ، ئەم چینە موگناتیسە بەرهەڵستکارەی چواردەوری زەوی خۆی لە بەر ناگرێت و ناتوانێت ڕێگری لێ بکات و ئەگاتە ناو ئەتمۆسفیری زەوی یەوە، پێش هەر شتێک  ، تەکنیکی ڕاگەیاندن وەک تۆڕ و ئامێری گەیاندنی وەك  سەتەلایت و ڕادار هەست بەم شەپۆلی گەرماییە ئەکەن ، کاریگەری خراپی هەیە و زیان بە ناردنی شەپۆلی   سەتەلایتەکان ئەگەیەنن و ڕێڕەوی ئەم شەپۆلانەش ئەگۆرن ، زیانێکی زۆر لە تەکنیک ئەدەن ، تێکدانی ئینتەرنێت ، مۆبایل  ، ئامێری ناڤیگەیشن ( ڕێنیشاندەری هاتوچۆی ئاسمانی و زەوی) لێ ئەکەوێتەوە ، بۆیە  پێویستە لە کاتی ڕودانی ئەم شەپۆلانە ئەسترۆناوتەکانی ناو ( ئای ئێس ئێس) جلی تایبەتی دژ بەم شەپۆلانە لە بەر بکەن تا لە زیان دوور بن.
‌ئەم شەپۆلانەش کاریگەری خراپ ئەکەن سەر پەیوەندیکردن بە فڕۆکەکانەوە ، کە کار ئەکاتە  سەر  نەمانی پەیوەندی بە فڕۆکەوانەوە ،  بە تایبەتی ئامێری بێ تەل ( لاسلکی) ، سەڕەڕای لێدانی ئەم تیشکانە ،کە  زیانی گەورەی هەیە بۆ  سەر گەشتیاران و کارمەندانی ناو فڕۆکەکە ، کاتێك  بە بەرزایی یەکی زۆر ئەفڕن.بەتایبەتی لە جەمسەری سەروو و خواروو زیان بە سیستەمی ناڤیگەیشن ئەگەیەنێت ، بۆیە لەم جۆرە کارەساتانەدا ئامۆژگاری بە پەلەی فڕۆکەوانەکان ئەکرێت ، کە زۆر دوور بکەونەوە لەم ناوچانەو ڕێڕەوەکەیان بگۆڕن .
‌لە هەندێک بارودۆخی دەگمەنی خراپدا ئەبێتە هۆی تێکدانی تۆڕی کارەبا، هەروەکو لە ١٣ی مانگی ئازاری ١٩٨٩ دا تۆفانێکی بە هێز لە سەر ڕۆژ ڕویدا ،دوای دوو ڕۆژ لە( کەنەدا)  بۆ ماوەی ٩ کاتژمێر کارەبا بڕا .
‌ڕوناکی یەکی سەیر و سەرنج ڕاکێش لە تاریکیدا:
‌ئەم گەردەلولی ڕۆژەش لایەنێکی جوان و ڕازاوەشی هەیە، کاتێك  کە پارچۆکە بچوکە بارگاویکراوە ئەلکترۆنیەکان خۆیان بە هەوادا ئەکەن ، ئەبریسکێنەوە و وێنەیەکی زۆر جوان دروست ئەکەن لە سەر شێوەی کەوانەیی ، هێڵ و پەردەی ڕەنگین ، ئەمانەش زۆرتر لە ناوچەی جەمسەری سەروو و خواروو ئەبینرێت ، زۆر جار لە ئەڵمانیاش ئەتوانرێت چاودێری بکرێت و ببینرێت . ‌ئەمەش لە کۆتایی ساڵی  ٢٠١٢ دا ئەتوانرێت بە باشی ببینرێت ، کە کارمەندانی دەزگای  (ناسا) چاوەڕێی گەردەلولێکی بەهێزن لە سەر ڕۆژ کە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا ڕوی نەداوە  .

‌سەرچاوە
‌گۆڤاری ئەڵمانی
Welt der wunde

zanst