ئایا ده‌زانیت پانیی گه‌ڵای رووه‌كه‌كان له‌سه‌ده‌ی (19)دا (3,2) ملیمه‌تر بووه‌و له‌سه‌ده‌ی (21)دا بۆته‌ (1,9) ملیمه‌تر؟
گۆڕانكارییه‌كان
زاناكانی بواری ژینگه‌یی ئوسترالیا ده‌ڵێن:گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان كارده‌كاته‌ سه‌ر قه‌باره‌ی گه‌ڵای رووه‌كه‌كان و «به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما له‌ئوسترالیا وای له‌گه‌ڵای رووه‌كه‌كان كردووه‌ كه‌ باریكتربن له‌چاو (130) ساڵ له‌مه‌وبه‌ردا».
پشكنینی گه‌ڵاكان
هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ژماره‌یه‌ك له‌لێكۆڵه‌ره‌وانی ژینگه‌یی كیشوه‌ره‌كه‌ نزیكه‌ی (255) گه‌ڵای رووه‌كێكیان خستۆته‌ ژێر پشكنینه‌وه‌ كه‌ له‌و وڵاته‌دا به‌(دودونیا فیسكۆسا) ناسراوه‌و خه‌ڵكی له‌ساڵی (1880)وه‌ تا ئێستا بۆ مه‌به‌ستی جیاواز كۆی ده‌كه‌نه‌وه‌، دواتر گه‌ڵای ئه‌و رووه‌كه‌ی ئێستایان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌گه‌ڵاكانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هه‌مان رووه‌كدا به‌راورد كردو بۆیانده‌ركه‌وت كه‌ پانیی رووبه‌ری ئه‌و گه‌ڵایانه‌ی ئێستا به‌تێكڕای (2) ملیمه‌تر كه‌متره‌ له‌وانه‌ی له‌سه‌ده‌ی (19)دا هه‌بوون.
زاناكان جه‌خت له‌وه‌شده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ «هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و جیاوازییه‌ به‌چاوی ئاسایی زۆر كه‌م ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام هه‌ڵگریی گه‌لێك نهێنیییه‌و جێگه‌ی تێڕامانه‌ به‌وه‌ی كه‌ پانیی رووبه‌ری گه‌ڵاكه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌ (3,2) ملیمه‌ترو پانیی گه‌ڵاكه‌ی سه‌ده‌ی (21) ته‌نها (1،9) ملیمه‌تره‌و درێژییه‌كه‌شی (3 -9) سانتیمه‌تره‌».
هۆكاره‌كان
توێژه‌ره‌وه‌كان هۆكاری ئه‌و باریكبوونه‌وه‌یه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ گۆڕانكاریی كه‌شوهه‌واو ده‌ڵێن: هه‌رچه‌نده‌ تێكڕای بارانبارین له‌و ناوچانه‌ی كه‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه‌ هه‌روه‌كو خۆیه‌تی، به‌ڵام تێكڕای به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما تێیاندا له‌ساڵی (1950)وه‌ نزیكه‌ی (1,2) پله‌ی سه‌دی زیادیکردووه‌‌.

كوردستانى نوئ