زاناكان جۆره‌ مێرووله‌یه‌كیان دۆزیووه‌ته‌وه‌ «به‌ خۆته‌قاندنه‌وه‌ كۆتایی به‌ژیانی ده‌هێنێت».

مێرووله‌ تیرۆریسته‌كان
به‌م دواییه‌ توێژینه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ نوێیه‌كان جۆره‌ مێرووله‌یه‌كیان ئاشكرا كردووه‌ ناویانناوه‌ «مێرووله‌ی خۆكوژ» ئه‌و توێژینه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌زانایانی ئه‌مریكاو به‌لجیكاو چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ تێدا به‌شدارن ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌، كه‌ ئه‌و جۆره‌ مێروولانه‌ی به‌مێرووله‌ی سپی ناسراون، به‌هۆی كیسه‌یه‌كی پڕ له‌ماده‌ی لینجی ژه‌هراوییه‌وه‌ خۆیان به‌ هه‌موو جۆره‌ مێروو و مێرووله‌یه‌كدا ده‌ته‌قێننه‌وه‌ كه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر شاره‌كه‌یان.

به‌ته‌مه‌نه‌کانیان ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن
ئه‌و تیمه‌ كه‌ ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ به‌كارێكی زۆر ده‌گمه‌ن داده‌نێن، ده‌ڵێن: له‌دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی چڕو ورده‌وه‌‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌، که‌ له‌ناو مێرووله‌كاندا ته‌نها به‌ته‌مه‌نه‌كانیان ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن «چونکه‌ توانای گازگرتنیان له‌و دوژمنانه‌ نامێنێت كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ریان» هه‌روه‌ها «ناشتوانن وه‌كو جاران كاربكه‌ن و خۆراك بۆ مێرووله‌كانی شاره‌كه‌یان بدۆزنه‌وه‌». ئه‌و زانایانه‌ له‌درێژه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیاندا سه‌رنجیان له‌و كیسه‌ ته‌قینه‌وانه‌ داوه‌ كه‌ به‌سه‌ر پشتی مێرووله‌كانی جۆری (نیوكابریترمیس تاركوا – Nyukibratermas Tarqua)وه‌یه‌، له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێن «ئه‌و كیسه‌ ته‌قه‌مه‌نیانه‌ له‌و به‌شه‌دان كه‌ سنگی مێرووله‌‌ به‌ پاشه‌ڵییه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه‌‌» وتیشیان: ئه‌و مێروولانه‌ زۆر به‌باشی ده‌ناسرێنه‌وه‌، چونكه‌ ره‌نگیان جیاوازه‌ له‌مێرووله‌ی ئاسایی و «هه‌ندێكیان ره‌نگیان شینه‌و هه‌ندێكیشیان ره‌نگیان سپییه‌».

هێرشی جۆراوجۆر
ئه‌وان له‌درێژه‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌یاندا ئه‌وه‌ دووپاتده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌و مێروولانه‌ كاتێك رووبه‌ڕووی هێرشی جۆرێكی تری مێرووله‌ له‌خێزانی (لابیۆتیرمس لابرالیس) ده‌بنه‌وه‌، سه‌ره‌تا هه‌وڵده‌ده‌ن گازیان لێ بگرن و به‌وشێوه‌یه‌ دووریان ده‌خه‌نه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك ده‌زانن توانای گاز لێگرتنیان نه‌ماوه‌، یه‌کسه‌ر ئه‌و كیسه‌ پڕ له‌لینجاوه‌ ژه‌هراوییه‌ ده‌ته‌قێنن و به‌و هۆیه‌وه‌ خۆیان و ئه‌وانیش ده‌كوژن.

زاناكان ده‌ڵێن: ئه‌و لینجییه‌ی كیسه‌ شینه‌كان زۆر كاریگه‌رتره‌، له‌وه‌ی كیسه‌ سپییه‌كان. پێشترو له‌هه‌ندێك لێكۆڵینه‌وه‌ی دیكه‌شیاندا زاناكان ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ ئه‌و لینجییه‌ له‌گلاندێكی تایبه‌ت پێكهاتووه‌و له‌ژێر پێستی مێرووله‌كه‌دایه‌، به‌ڵام كاریگه‌ریی نابێت تا به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌و شله‌یه‌دا تێكه‌ڵ نه‌بێت كه‌ له‌لیكی مێرووله‌دا هه‌یه‌.

له‌ئاماده‌باشیدان
له‌وه‌شه‌وه‌یه‌ لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی  كه‌ مێرووله‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان، ئه‌و چه‌كه‌ دروستده‌كه‌ن و له‌ئاماده‌باشیدا ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی پێویستدا به‌كاریبهێنن.

كوردستانى نوئ