به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی كه‌ركه‌ده‌نه‌وه‌، ناوه‌ندی ژینگه‌پارێزی “دیڤید شڵدریك” كه‌ له‌ كینیایه‌ به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی راگه‌یه‌نراوێك باسی بارودۆخی مه‌ترسیداری ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ ده‌كات و هۆشداری ده‌دات كه‌ به‌رده‌وامی ره‌وشی راوكردنی كه‌ركه‌ده‌ن، ئاینده‌یه‌كی مه‌ترسیداری بۆ قڕكردنی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ هه‌یه‌.
ئامارێكی نوێ كه‌ باس له‌ راوكردنی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ ده‌كات، له‌ كینیا نزیكه‌ی 381 دانه‌ له‌ له‌ساڵی 2012 كوژراوه‌.
هه‌وه‌رها به‌ ته‌نها له‌ ئه‌فریقیای باكوور نزیكه‌ی 500 دانه‌ كه‌ركه‌ده‌ن بوونه‌ته‌ نێچیری راوچییه‌ نایاساییه‌كان.
هه‌ر له‌ وڵاتی كینیا له‌ ساڵی 2011 نزیكه‌ی 27 كه‌ركه‌ده‌ن بووه‌ته‌ نێچیری راوچییه‌كان. له‌ئێستاشدا نزیكه‌ی 4 هه‌زارو 800 كه‌ركه‌ده‌نی ره‌ش و 22 هه‌زار كه‌ركه‌ده‌نی سپی له‌ كیشوه‌ری ئه‌فریقیا هه‌ن و له‌ به‌رده‌وامبوونی راوكردنی ئه‌مجۆره‌ ئاژه‌ڵه‌، هه‌ردوو جۆره‌كه‌ تاساڵی 2025 به‌ ته‌واوی له‌ناو ده‌چن.
شایه‌نی باسه‌، راوكردنی كه‌ركه‌ده‌ن به‌مه‌به‌ستی بازرگانیكردنه‌ به‌شاخه‌كه‌ی و بازاڕی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش به‌شێكی ئاسیاییه‌.
به‌پێی هه‌ندێ له‌ئه‌فسانه‌كان شاخی كه‌ركه‌ده‌ن جۆره‌ ده‌رمانێكی به‌هێزكردنی توانای سێكسی تیایه‌و هه‌روه‌ها ده‌رمانێكه‌ بۆ شێرپه‌نجه‌ به‌كاردێت، به‌ڵام به‌هۆی خواست له‌ بازاڕه‌كانی ئاسیادا بۆ راوكردنی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌م ئاژه‌ڵه‌ تاك شاخه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌و بۆ راوچییه‌كان ده‌رامه‌تێكی خه‌یاڵی هه‌یه‌، هه‌ر كیلۆیه‌ك له‌شاخی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ نزیكه‌ی 50 هه‌زار بۆ 60 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی ده‌فرۆشرێت، واتا نرخه‌كه‌ی گرانتره‌ له‌زێڕو كۆكایین، هه‌ر شاخێكی كه‌ركه‌ده‌ن نزیكه‌ی 7 كیلۆ گرامه‌ كه‌ نرخه‌كه‌ی نیو ملیۆن دۆلاره‌.
راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ناوه‌ندی ژینگه‌ پارێزی “دیڤید شڵدریك” به‌بۆنه‌ی رۆژی كه‌ركه‌ده‌نه‌وه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ كوشتنی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌، ته‌نها رێگه‌چاره‌ش بۆ له‌ناوبردنی خواستی بازاڕه‌كانه‌ بۆ ئه‌م كاڵایه‌و نه‌هێشتنی راوكردنی نایاسایی ئه‌م ئاژه‌ڵه‌یه‌.
مادده‌ی سه‌ره‌كی پێكهاته‌ی شاخی كه‌ركه‌ده‌ن، “كراتین”، واتا هه‌مان ئه‌و ماده‌یه‌ی كه‌له‌ نینۆكه‌كانی مرۆڤه‌كاندا به‌ زۆری هه‌یه‌.

س

pukmedia