وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵاش رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌رێكی‌ زۆر هه‌یه‌ رۆژی‌ پێنج شه‌مه‌ 25ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م ناوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌.

فوئاد عه‌لی‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم راگه‌یاند: تا ئێستا یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌ به‌یانی‌ و دووبه‌یانی‌ ناوی‌ خوێندكاران له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یان ده‌كه‌وێته‌ دوای‌ جه‌ژن.

فوئاد عه‌لی‌ وتی‌: “هه‌وڵێكی‌ زۆر هه‌یه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م دوو رۆژه‌دا ناوه‌كان رابگه‌یه‌نرێن”، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ بۆ پێنج شه‌ممه‌ش ئه‌گه‌رێك هه‌یه‌ به‌ڵام تا ئێستا یه‌كلایی‌ نه‌بۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر تا ئه‌وكاته‌ش رانه‌گه‌یه‌نرا، ده‌كه‌وێته‌ دوای‌ پشووی‌ جه‌ژن.

وته‌بێژی‌ وه‌زارتی‌ خوێندنی‌ باڵا هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ زۆری‌ فۆرمه‌كان گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵ زیاتر له‌ 46 هه‌زار كه‌س فۆڕمی‌ زانكۆلاینیان پڕكردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ كێشه‌ی‌ وردبینی‌ و دره‌نگ گێڕانه‌وه‌ی‌ ناوی‌ خوێندكارانی‌ یه‌ك دوو خوێندنگا بۆ به‌شی‌ وردبینی‌.

وتیشی‌” فه‌رمانبه‌رانی‌ زانكۆ لاین 24 سه‌عات كارده‌كه‌ن تا وردبینی‌ ته‌واو بكه‌ن، كاتێك سه‌رجه‌م وردبینییه‌كانیش ته‌واو بوون له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا ناوه‌كان راده‌گه‌یه‌نرێن”.

ناوبراو ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ ئه‌مساڵ 31 بۆ 32 هه‌زار خوێندكار له‌ زانكۆ و په‌یمانگا حكومییه‌كان و 5 بۆ 6 هه‌زار خوێندكاریش له‌ زانكۆ ئه‌هلییه‌كان وه‌رده‌گیرێن.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ هه‌رچه‌نده‌ وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا فشارێكی‌ زۆر ده‌كات بۆ زیادكردنی‌ رێژه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ر رێژه‌كه‌دا بێت، چونكه‌ ئه‌و ئه‌وپه‌ری‌ توانای‌ زانكۆكانه‌.

وةركيراوة