لێپرسراوانی رێکخراوی فەرمان بە چاکەو رێگری لە خراپەکاری سعودی لە باشووری ئەو وڵاتەو لە نزیک بەنداوێکی گەورە دا دەستیان گرت بەسەر دەریاچەیەکی خواردنەوەی رۆحی دا.

رۆژی دوشەممە 26-11، رۆژنامەی “ئەلشەرق” ی سعودی رایگەیاند لێپرسراوان لە پارێزگای “خمیس مشیط” لە نزیکی دەریاچەی “تندحە” دەستیان گرتووە بەسەر (٥٠٠) پێنجسەد تۆن خواردنەوەی رۆحیی و ٧١٢ بوتڵی (١) لیترو نیوی خواردنەوەی ئامادە بۆ فرۆشتن دا.
عەسیر ئەلشێخ وتەبێژی رێکخراوی فەرمان بە چاکەو رێگری لە خراپەکاری وتی: “لێپرسراوان دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونێکی ورد توانیان ئەم دەریاچەیە ئاشکرابکەن کە لە نێوەندی شاخێک دا دروستکرا بوو”.
ناوبراو جەختیکردەوە: “ئەم دەریاچەیە بە شێوازێک دروستکرا بوو کە “مەی” ـەکە دوای تێپەڕبوون بەسەر بەردەکان دا پاڵاوتە دەبوقو و بەمەستی فرۆشتن دەکرایە بوتڵی تایبەتەوە.”
عەسیر ئەلشێخ راشیگەیاند: “رێژەی ئەو خواردنەوە مەیە بە ئەندازەیەک بوو کە بۆ وشککردنی دەریاچەکەو لەناوبردنی چەندین پەمپ مان بەکارهێنا”.
لێپرسراوانی رێکخراوی فەرمان بە چاکەو رێگری لە خراپەکاری بۆ ئاشکراکردنی ئەم دریاچەیە توانیویانە ماوەی (١٢) سەعات بە شوێنی زۆر سەخت دا بڕۆن و سەرکەون تا ئەو دەریاچەی مەیە ئاشکرابکەن.