بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵی ژیانی ڕۆژانەو ڕەواندنەوەی ماندوێتیو فشارە دەرونییەکان کە بەھۆی کارکردنو شێوازی ژیان لە شارە گەورەکان دا دووچاری مرۆڤ دەبێت، لە ناوچەیەکی شاری تۆرینتۆی کەنەدا پارکێک دروستکراوە، کە لە دروستکردنی دا سوود لە سروشتی ئەو شوێنە وەرگیراوە کە پارکەکەی تێدایە، کە ناوچەیەکە دانیشتوانی کەمەو دارستانو دەریاچەی تێدایە ئەوانیش وەک بەشێک لەچارەسەری دەروونی بۆ ئەو کەسانەی کە ڕوو لەو پارکە دەکەن.
ئەو شوێنە گەشتیارییە سوود بەو کاسانە دەگەیەنێت کە بەدوای ئاسوودەییو ئارامی ڕۆحی دا دەگەڕێن، بۆیە شێوازی دیزاینکردنیو ھەڵبژاردنی شوێنەکەیو ئەو کەسانەشی تیایدا کاردەکەن بۆ ھەمان مەبەست تەرخانکراون.
لەو پارکەدا بەشێکی تایبەت بە یۆگا دروستکراوە کە لەلایەن ڕاھێنەری تایبەت بەیۆگاوە سەرپەرشتی دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئەو ڕاھێنانە تاقیبکەنەوە.
یەکێک لەو کەسانەی کە لەناو ھاوینە ھەوارەکەدا یارمەتی گەشتیاران دەدات دەڵێت:” ئێمە لەم ھاوینە ھەوارەدا ئەسپ وەک بەشێک لە چارەسەری سروشتی بەکار دەھێنین بۆ ئەو کەسانەی ئەم جۆرە ئاژەڵەیان خۆشدەوێت چونکە دەرکەوتووە کە زۆر یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوە ناخۆشانە لەبیر بکات کە لە ڕابردوودا بەسەریدا ھاتووە”.
توێژینەوە پزیشکییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ساڵانە لە سەرتاسەری جیھان دا سەدان کەس دووچاری گرێو نەخۆشی یە دەروونییەکان دەبنەوە کە بەشێکی زۆری ھۆکارەکانی بۆ ھیلاکیو فشاری ژیانی ڕۆژانە دەگەڕێتەوە، بۆیە پسپۆرانی بواری چارەسەری دەروونی ئاماژە بۆ گرنگی پشودانو گەڕانەوە بۆ سروشت دەکەن، وەک بەشێک لە ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستنو لەھەمان کاتیشدا خۆ پارێزی لە نەخۆشی وفشاری دەروونی.
كوردسات tv
پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.